
یاریگا –
دانی ئۆلمۆ، دوای پێشکەشکردنی یەکێک لە باشترین یارییەکانی ئەم وەرزەی لەگەڵ بارسێلۆنا، لە یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید تووشی پێکانبوو.
چەند ساتێک دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی یارییەکە، ئۆلمۆ لەپڕ کەوتە سەر زەوی و تووشی پێکانی شان بوو.
ئۆلمۆ لە دەستپێکی وەرز، پێکانی ماسوولکەی هەبوو، بەڵام خەریکبوو جارێکی دیکە دەگەڕایەوە نێو کەشی یارییەکانی بارسا و رۆڵێکی باڵای لە کەتیبەی هانزی فلیک دەگێڕا، بەڵام جارێکی دیکە تووشی پێکانبوو.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، پێکانەکەی ئۆلمۆ ترسی لە نێو یانە کاتالوونییەکە زیادکردووە، چونکە دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە هەمان بەشی جەستە نەشتەرگەری بۆ کراوە.
لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2023، ئۆلمۆ یاریزانی لایپزیگ بوو و ئەوکاتە بەهۆی دووبارەبوونەوەی پێکانەکەی، نەشتەرگەری بۆ جومگەی شانی کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، پێناچێت ئۆلمۆ بەشداری هیچ یارییەکی ئەم مانگە بکات و تاوەکو ساڵی 2026 لە یاریگاکان دادەبڕێت.
ئۆلمۆ بەلانی کەم، بۆ ماوەی سێ هەفتە دووردەکەوێتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە، پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت.



