
یاریگا –
بە هۆی نانەوەی پشێوی لەلایەن هاندەرانیانەوە لە یاریی رابردوو بەرامبەر زاخۆ، یانەی چوارقوڕنە سزادرا.
لیژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیار و راسپاردەی نوێی دەرکرد، لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان، لە یاریی نێوان چوارقوڕنە و زاخۆ، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە پشێوی و ئاڵۆزی دروست بوو، بەم هۆیەشەوە هاندەرانی چوارقوڕنە بە بڕی 500000 پێنج سەد هەزار دینار سزادران.
هەر بەهۆی ئاڵۆزی دوای یارییەکە، لیژنەی رێککاری و سزادان لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، سزای یاریدەدەری راهێنەر و سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆی دا.
بڕیارەکانی لیژنەی رێککاری و سزادان:ْ
سەبارەت بە یاری نێوان یانەی چوارقوڕنە و یانەی زاخۆ لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی کوردستان:
1- بڕیاردرا بە سزادانی سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ، (نەدیار عەلی)، و دوورخستنەوەی بۆ 2 یاری بەپێی بڕگەی (أ) ماددەی (6)ـی سزای کارگێڕی و ڕاهێنەران لە تۆماری سزاکان .
2- بڕیاردرا بە سزادانی یاریدەری ڕاهێنەرانی یانەی زاخۆ، (سەردار عومەر)، و دوورخستنەوەی بۆ 3 یاری بەپێی بڕگەی (أ) ماددەی (6)ـی سزای کارگێڕی و ڕاهێنەران لە تۆماری سزاکان .
3- بڕیاردرا بە سزادانی یانەی چوارقوڕنە بە پێبژاردنی 500,000 دینار، بەپێی بڕگەی (ب) لە ماددەی (6)ـــی هاندەران لە تۆماری سزاکان.
تێبینی: ئەم بڕیارانەی سەرەوە ڕاستەوخۆ لە گەڕی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
4- یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لە ڕێگەی لیژنەی ڕێکاری و یاسایی و سزادانەوە سوپاسی پیاوانی پۆلیس و ئاساییش دەکات کە توانیان کۆنتڕۆڵی ئاساییشی یاریگا بکەن.



