Loading...
ئیسپانیا

فایلی دەنگی گفتوگۆی ناوبژیوانانی بارسا و ئاتلێتیک بڵاوکرایەوە

Yariga App

یاریگا –

فایلی دەنگی گفتوگۆکانی ناوبژیوان و یاریدەدەری ناوبژیوان لە کاتی یاری بارسێلۆنا و ئاتلێتیک بیلباو سەرنجی هاندەرانی تۆپی پێی بۆ لای خۆی راکێشا.

بردنەوەی بارسێلۆنا بە ئەنجامی 4-0 لە ئاتلێتیک بیلباو لە گەڕانەوە بۆ یاریگای کامپ نۆ رووداوێکی مێژوویی بوو بۆ یانە کاتالۆنییەکە. بەڵام لە خولەکی 51 یارییەکە بەهۆی کرانە دەرەوەی یاریزانێکی بیلباو مشتومڕ درووست بوو.

دوای فاولێکی قورسی سەنسێت لەسەر فێرمین لۆپێز، ناوبژیوان سەرەتا تەنیا یەک کارتی زەردی بەڕوودا بەرز کردەوە. بەڵام یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤار داوای لێکرد کە دووبارە پێداچوونەوە بە دیمەنەکەدا بکاتەوە و گوتی:

“جۆزێ ماریا، پێشنیار دەکەم پێداچوونەوەیەک بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت فاوڵێکی قورس بووە. کاتێک دەگەیتە شاشەکە ئاگادارم بکەرەوە”.

لەو ساتەدا دەنگی سەنسێت دەبیسترێت کە دەڵێت:

” گاڵتە دەکەیت، ئەوە تەنیا خۆخشاندنێکی ئاسایی بوو”.

کاتێک سانچێز مارتینێز دەگاتە بەردەم شاشەی ڤار، داوای لە ناوبژیوانی ڤار دەکات دیمەنەکە دووبارە بکاتەوە و دەڵێت:

بەهێزی لیدانەکە دەبینم، باشە ئێستا دەمەوێت بە دیمەنێکی فراوانتر نیشانم بدەیت. لەو ساتەدا وێنەیەکی دیکەی لە گۆشەیەکی جیاوازەوە پێشکەش دەکرێت و دەڵێت:  باشە، زۆر باشە، کارتی سوور دەدەم و کارتی زەردەکە دەگەڕێنمەوە.

لەو ساتەدا دەنگی ناوبژیوان بە روونی دەبیسترێت کە بانگی سەنسێت دەکات و دەڵێت: ” وەرە لام، وەرە لام”، بۆ ئەوەی کارتە زەردەکەی بکێشێتەوە و بینێریتە دەرەوە. دواتر دەرکردنی یاریزانەکە لە ڕاپۆرتی فەرمی یارییەکەدا بەم شێوەیە تۆمارکرا:

“بۆ لێدانی یاریزانی بەرامبەر بە هێزێکی زۆر لەکاتێکدا تۆپەکە لە یاریکردندایە بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانێت یاری پێبکات”.

ئەمەش دەبێتە هۆی سڕکردنی یاریزانەکە بۆ یەک یاری. سەرچاوە ئیسپانییەکان، باس لەوە دەکەن کە دەبوو ناوبژیوان بڕیارەکەی راستەوخۆ لە یاریگادا بدایە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە پێداچوونەوەی یاریدەدەری ناوبژیوانی ڤار هەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button