
یاریگا –
بارسێلۆنا ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەیەکی مێژوویی بۆ یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو دەکات، بەڵام 24 کاتژمێر بەر لە یارییەکە، کەشێکی هەستیار دروستبووە.
دوێنێ هەینی، دادگای کارگێڕی وەرزشی ئیسپانیا دۆسیەیەکی لەدژی خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا کردەوە، تێباس بە تۆمەتی دزەپێکردن و ئاشکراکردنی دۆخی دارایی بارسێلۆنا تۆمەتبارە، ئاشکراکردنی وردەکارییەکان، گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامزی لە ئاتلێتیک بیلباو بۆ بارسێلۆنا هەڵوەشاندەوە.
سەرەڕای گرژبوونی دۆخەکە، لاپۆرتا لەڕێگەی رادیۆی کاتالوونیا، پەیامێکی ئارامی بە گوێی کۆمەڵەی لالیگا چرپاند و دووپاتیکردەوە، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تێباس هەیە.
لاپۆرتا کردنەوەی دۆسیەیەکی لەمشێوەیە لەم ساتەدا بە هەواڵێکی باش بۆ بارسێلۆنا و تۆپی پێی ئیسپانیا نازانێت، چونکە هەوڵێکی زۆر باش بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بارسێلۆنا و لالیگا دراوە و ئێستا بە ساتێکی گونجاو تێدەپەڕن.
سەرۆکی بارسێلۆنا روونیکردەوە، دەمێکە کەیسی ناکۆکی لەگەڵ لالیگا داخراوە، بەتایبەت دوای کۆبوونەوە یەک بە یەکەکەی لەگەڵ تێباس و دووپاتیکردەوە، بارسا و لالیگا گەیشتنە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی تەواو کراوە کە رابردوو لەیاد بکەن، بۆیە سەرهەڵدانی ئەم کەیسە لەم ساتەدا، کاریگەری نەرێنی دەبێت.
لاپۆرتا جووڵاندنی ئەم کەیسە لەم دۆخەدا بە ئەنقەست وەسف دەکات و نازانێت کێ کارەکەی کردووە. لاپۆرتا گومانی لە باکگراوندی کەیسەکە هەیە، چونکە پەیوەندی نێوان بارسێلۆنا و لالیگا بە قۆناخێکی تەندروست تێدەپەڕێت و نازانێت کێ لە پشت هەوڵەکانی دوورخستنەوەی تێباسە لە پۆستەکەی.
کڕۆکی کێشەکە چییە؟
ئەوکات میگێل ئانخێل گالان، سەرۆکی کۆمەڵەی شەفافیەت و دیموکراسی لە وەرزشدا داوای لە خوان لاپۆرتا کرد سکاڵا لەسەر تێباس تۆمار بکات بەڵام بارسێلۆنا سکاڵای تۆمار نەکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت ئانخێل گالان خۆی دۆسیەکەی جوڵاندووە و سکاڵای لەسەر تێباس تۆمارکردووە.
گالان سەرەتا سکاڵاکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی نیشتمانی وەرزشی ئیسپانیا کردووە، دواتر بەرزکراوەتەوە بۆ دادگای کارگێڕی وەرزشی ئیسپانیا.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی تێباس کراون بریتین لە ئاشکراکردنی زانیاری ورد بۆ ئاتلێتیک بلباو و رێگری لە پەیوەندیکردنی نیکۆ ویڵیامس بە بارسێلۆنا، هەروەها ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی داهاتی کورسییە VIPـیەکانی بارسێلۆنا، ئاشکراکردنی تەواوی سامانی بارسێلۆنا و دزە پێکردنی سەرجەم زانیارییە داراییە تایبەتەکانی یانە کاتالوونیەکە.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، 18 ئەندامی بارسێلۆنا بەشداریی سکاڵاکەیان کردووە، خاڤیێر تێباس تۆمەتەکانی بەسەردا ساخببنەوە لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە. چونکە ئەم کارەی بە سەرپێچی یاسایی هەژمار دەکرێت.
پێشتر ناکۆکی بارسا و لالیگا لەسەر چیبوو؟
تێباس بە سەرۆکی بیلباوی گوتووە بارسێلۆنا هێشتا نەگەڕاوەتەوە هاوکێشەی 1:1 بۆیە ناتوانێت ناوی نیکۆ ویڵیامس تۆمار بکات، ئەویش زانیارییەکانی هێندەی دیکە گەورە کردووە و زیاتر بەلاڕێیدا بردوون و پێشکەشی نیکۆی کردووە، بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە و نەچێتە بارسێلۆنا.
سەرەتای ململانێیەکە بۆ 2ـی نیسانی 2025 دەگەڕێتەوە کاتێک لالیگا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد بارسێلۆنا نەیتوانیووە لەکاتی خۆیدا لە رێگەی داهاتی کۆرسییە ڤی ئای پییەکانی لالیگا 100 ملیۆن یۆرۆ کۆبکاتەوە، بۆیە ناتوانن گرێبەستی گەورە واژۆ بکەن، بەڵام بارسێلۆنا هەرزوو سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی لالیگای کرد.
یانە کاتالوونیەکە لالیگای تۆمەتبارکرد بەوەی بەبێ مۆڵەت زانیاری وردی دارایی یانەکەیان ئاشکراکردووە، بەو هۆیە ناکۆکی لەنێوان تێباس و بارسێلۆنا دروستبوو، چەند رۆژێک دواتر لالیگا بەیاننامەکەی سڕییەوە.
نهێنییەکی گەورە ئاشکرابوو؛ تێباس رێگری لە چوونی نیکۆ ویڵیامس بۆ بارسێلۆنا کردووە



