بەنزیمە ترس دەخاتە دڵی ئیتیحاد و دوو دڵە لە مانەوە

کەریم بەنزیمە دڵنیانیە لەوەی دوای کۆتایی ئەم وەرزە لە ئیتیحادی سعوودی دەمێنێتەوە.
کەریم مانگی داهاتوو تەمەنی دەگاتە 38 ساڵ بەڵام بەنیازی وازهێنان نیە و گەڕانەوەش بۆ ئەورووپا بە دوور نازانێت. لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی وتی
راستە گرێبەستەکەم لێرە زۆری نەماوە، هێشتا بڕیاری هیچ شتێکم نەداوە و دڵنیانیم دەمێنمەوە یاخود نا، ئەوەیان دەکەوێتە سەر زۆر شت. بەڵام پێم وایە دەتوانم تاوەکو دوو ساڵی دیکە یاری بکەم.
کەریم ناراستەوخۆ هەڕەشەی ئەوەی لە یانەکەی کرد پێویستە پڕۆژەیەکی درێژخایەنیان هەبێت تاوەکو رازی بێت بە مانەوە و وتی
با بزانین چۆن دەبێت، راستەوخۆ رووبەروو لەگەڵ یانەکە قسە دەکەم. بۆ من مانەوە باشترە بەڵام پێش ئەوە دەبێت بزانم پلانیان چیە نەک تەنها بۆ ساڵیک یاخود دووان، نامەوێت ئەوە بکەم.
کەریم ئەوەشی ئاشکرا کرد لە ئەورووپاوە داواکاری پێگەیشتووە و وتی
ئەوە راستە کە لە ئەرووپاوە داواکراوم بەڵام دەبێت ژیرانە بڕیار بدەم و هەموولایەنەکان لێک بدەمەوە و بزانم لەکوێ ئاسوودە دەبم. ئەوەی کە روونە ئەوەیە بەمزووانە واز لە یاریکردن ناهێنم.
ئیتیحاد لەم وەرزەدا ئاستی وەک پێویست نیە و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولی سعوودی دێن سەرەڕای هەبوونی یاریزانانی وەک بەنزیمە، کانتێ، موسا دیابی، فابینۆ، ستیڤن بێرژواین، حوسام عەوار و دانیلۆ پێرێرا.
لەم وەرزەدا کەریم تەنها سێ گۆڵی تۆمارکردووە لە خولی سعوودی دا و یەک گۆڵیش لە خولی پاڵەوانەکانی ئاسیا.



