
یاریگا –
یاریزانێکی ئاکرێ لە یاریی دۆستانەی بەرامبەر هەولێر تووشی پێکانێکی سەخت هات و ڕەنگە ئەم وەرزە نەتوانێت یاریی بکاتەوە.
لە پیرمام و لە یارییەکی دۆستانەدا، پێنج شەممە ( 13ـی نۆڤێمبەری 2025 ) هەولێر و ئاکرێ لە یارییەکی دۆستانەدا بەیەک گەیشتن، لەم یارییەدا محەمەد عەبدولحەمید، یاریزانی ئاکرێ تووشی شکانی قاچی هات و پێدەچێت ئەم وەرزە نەتوانێ یاریی بۆ یانەکەی بکاتەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاکرێ بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند؛ پشکنینی پزیشکی سەرەتایی بۆ یاریزانەکە کراوە و تووشی شکانی قاچ هاتووە، بە مەبەستی دڵنیابوون و ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگاکان سەردانی پزیشکی تایبەت دەکەین، لە ئەگەری نەشتەرگەری ڕەنگە ئەم وەرزە بۆ یاریزانەکە کۆتایی بێت و نەتوانێت بگەڕێتەوە یارییکردن.
محەمەد عەبدولحەمید، لە هێلی ناوەڕاست یاریی دەکات، وەرزی رابردوو لە زاخۆ یاریی دەکرد، بۆ یارییەکانی خولی نایابی کوردستان ئەم وەرزە گرێبەستی لەگەڵ ئاکرێ واژۆکرد.



