یەکەم راهێنەر لە خولی نایابی کوردستان دەستی لەکارکێشایەوە
وازهێنانەکە پەیوەندی بە ئەنجامی تیپەکەوە نیە

یاریگا –
دوای تێپەڕبوونی سێ گەڕ لە یارییەکانی، یەکەم راهێنەر لە خولی نایابی کوردستان وازی لە ئەرکەکەی هێنا.
کامەران عەلی، راهێنەری شێروانە لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک وازهێنانی لە ئەرکی راهێنەرایەتی راگەیاند، وازهێنانی راهێنەرەکە دوای یەکسان بوونی یانەکە بەرامبەر سیروانی نوێ دێت لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی کوردستان کە هەر دوو یانە بە دوو گۆڵ یەکسان بوون.
لە بارەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی، کامەران عەلی نووسیوویەتی؛ لە ئاستی هونەری یاریزانەکانم رازیم، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی بەردەوام بم، چونکە چەند گرفتێکی دیکە هەن لە دەرەوەی هەیکەلی یانەکەن، وازهێنانم پەیوەندی به ئەنجامی یارییەکەوە نیە، چونکە پێشووتر یاریدەدەرانم ئاگادار کردبوویەوە ئەنجام هەرچۆنێک بێت دەست لەکار دەکێشمەوە.
لەم وەرزە شێروانە لە سێ یارییدا سەرکەوتنێک و یەکسان بوونێک و شکستێکی هەبوو، پێش دەسپێکی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان، کامەران عەلی، توانی جامی سوپەری کوردستان بۆ شێروانە بەدەستبهێنێت.



