چیتر ئاپۆڕای هاندەران لە یاریگای سەید سادق نابینرێت
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی یانەکە دۆخی سەید سادق بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا شیدەکاتەوە

یاریگا –
بە هۆی دۆخی خراپی یانەکەوە، بەرێژەیەکی زۆر ئەم وەرزەش سەید سادق بەشداری خولی پلە یەکی کوردستان ناکات و جارێکی دیکە هاندەرانی بێ هیوا دەکرێن.
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی سەید سادق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەربارەی بەشداریکردنی یانەکە لە خولی پلە یەکی کوردستان، تایبەت تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند:
سێ وەرزی بەدوای یەکە یانەکەمان لە قەیراندایە، زۆر هەوڵمانداوە کێشەکان چارەسەر بکرێت بەڵام تاوەکو ئێستا نەگیشتینە هیچ ئەنجامێک، هیچ کەس و لایەنێک بە دەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتووە.
دەربارەی بەشداریکردنی سەید سادق لە خولی پلە یەکی کوردستان بۆ وەرزی 2025 _ 2026 ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕی گووتی:
لە دۆخێکی خراپی داراییداین، ئەگەر رەوشەکە بەمشێوەیە بمێنێتەوە بەداخەوە ناتوانین بەشداری خولی پلە یەکی کوردستانیش بکەین، چونکە بەڵێنی پاڵپشتی و هاوکاریشمان وەرنەگرتووە، بۆیە رەنگە وەرزی داهاتوو سەید سادق لە خولی پلە دووی کوردستان یاریی بکات.
وەرزی رابردوو دوای تەواو بوونی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، سەید سادق بە هۆی قەیرانی داراییەوە کشانەوەی خۆی لە خولەکە راگەیاند و یانەکە دابەزی بۆ خولی پلە یەکی کوردستان.
دوایین یاریی یانەکەی دەڤەری شارەزوور لە یاریگای خۆی لە خولی نایابی کوردستان بوو بەرامبەر ئاکرێ لە ( 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 ) لە یارییەکەش 1 _ 0 شکستی هێنا.



