هەڵوەشاندنەوەی یاریی ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە مەیامی گورزێکی کوشندەی لە لاپۆرتا داوە
پلانی گەورە بۆ زیادکردنی داهات داڕێژرابوون

یاریگا –
هەڵوەشانەوەی یاریی ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە مەیامی، گورزێکی کوشندەی دارایی لە یانە کاتالوونییەکە دەدات.
سێشەممەی رابردوو، کۆمەڵەی خولی ئیسپانی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای گفتوگۆی چەند رۆژە لەگەڵ کۆمپانیای بەبازاڕکەر لە مەیامی.
کاردانەوەی تووندی یاریزانان و کۆمەڵەکانی وەرزشی هۆکاری سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەبوون، چونکە بەتووندی دژی گواستنەوەی یارییەکەبوون بۆ دەرەوەی ئیسپانیا.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە، گورزێکی کوشندەی دارایی لە بارسێلۆنا دەدات، چونکە ئامادەکارییەکانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکردبوو.
بارسێلۆنا گواستنەوەی یارییەکەی وەکو دەرفەتێکی ستراتیجی بۆ بڵاوکردنەوەی زیاتری بڕاندەکەی لە ئەمریکا سەیردەکرد و هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە، پلانی بارسای بەتەواوی لەباربرد.
یانە کاتالوونییەکە وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی داهات سەیری یارییەکەی دەکرد، چونکە کۆمپانیای بەبازاڕکەر، تەواوی خەرجییەکانی هەردوو یانەکەی لەئەستۆ گرتبوو.
پێشبینیدەکرا بارسێلۆنا نزیکەی پێنج بۆ شەش ملیۆن یۆرۆ قازانج بکات و لەوانەیە داهاتەکە زیاتربووایە.
No se repetirá esta imagen en el Hard Rock Stadium… al menos de momento 🏟️🇺🇸❌
🫰 Pero ¿cuánto deja ganar el Barça por no ir a Miami? pic.twitter.com/JId2J691l1
— MARCA (@marca) October 23, 2025
پلانەکانی بارسا لە ئەمریکا
بارسێلۆنا پلانی جیاوازی بۆ زیادکردنی داهاتەکەی لە ئەمریکا داڕێشتبوو، بەگوێرەی هەموو ئاماژەکان، پێشبینی پڕبوونی یاریگا بەتەواوی و فرۆشتنی هەر 70 هەزار بلیتەکە دەکرا.
جیا لە داهاتی بلیتی یارییەکە، کۆمپانیای سپۆتیفای کە سپۆنسەری بارسێلۆنایە، پلانی چەند چالاکییەکی هاوبەشی لەگەڵ بارسا رێکخستبوو.
لەلایەکی دیکەوە، بانکی وەبەرهێنانی گۆڵدمان ساکس، ئامادەیی خۆی بۆ رێکخستنی چەند چالاکییەک بۆ بارسێلۆنا پیشاندابوو، چونکە بەگوێرەی رۆژنامەکە بێت، بارسا و گۆڵدمان ساکس، پەیوەندییەکی تۆکمەیان هەیە.
بەرپرسانی باڵای بانکە ئەمریکییەکە، پلانی ئامادەبوونیان لە چەند چالاکییەک دەربڕیبوو، نەک تەنیا لە مەیامی، بەلکو لە لۆس ئانجلێس، نیویۆرک و سان فرانسیسکۆ.