هاندەرانی لیڤەرپوول داوای دوورخستنەوەی دەکەن و سەڵاحیش یاخی دەبێت
بەهۆی ڤیرتز؛ گرژییەکی زۆر لە نێو هاندەران و مۆ سەڵاح دروستبووە

یاریگا –
محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول، وێنەی پڕۆفایڵی بەدرێسی لیڤەرپوول لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا گۆڕی، هەروەها رستەی ‘یاریزانی لیڤەرپوولم’ی لاداوە.
بڕیارەکەی سەڵاح چەند خوولەکێک دوای تەواوبوونی یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر ئینتراخت فڕانکفورت لە چامپیۆنزلیگ بوو، هەرچەندە 1-5 یارییەکەیان بردەوە.
سەڵاح لە خوولەکی 74 چووە شوێنی هوگۆ ئێکیتیکێ، فەرعۆنە میسڕییەکە دوو دەرفەتی گۆڵکردنی لە ماوەی 15 خوولەک لەدەستدا، لەوانە هێرشێکی مەترسیداربوو کاتێک پاسی بە فلۆریان ڤیرتز نەدا و خۆیشی گۆڵی نەکرد، ئەمەش رووبەڕووی رەخنەی تووندیکردەوە.
لە خوولەکی 90دا، سەڵاح بە تەنیا رووبەڕووی گۆڵپارێزی فڕانکفورت بووەوە، ڤیرتز بە تەنیا لە نزیک گۆڵ داوای پاسی کرد تاوەکو یەکەم گۆڵ بە درێسی لیڤەرپوول بکات، بەڵام سەڵاح پاسەکەی نەدا و خۆیشی گۆڵی نەکرد.

هاندەرانی لیڤەرپوول، هێرشێکی فراوانیان بۆ سەر سەڵاح دەستپێکرد و بە یاریزانێکی خۆویستییان وەسفکرد، بەشێک لە هاندەران داوای دوورخستنەوەی سەڵاح لە پێکهاتەی سەرەکی دەکەن.
دوای تەواوبوونی یارییەکە، سەڵاح وێنەی بانەری پلاتفۆڕمی ئێکس هەر لاداوە، پێشتر وێنەی خۆی بە درێسی لیڤەرپوولی لەسەربوو، هەروەها وێنەی پڕۆفایڵەکەشی گۆڕی و وێنەی کچەکانی داناوە.

ئەمە یەکەمجار نییە
لە سێپتێمبەر/ئەیلوولی ساڵی 2019، پاشای میسڕ، رەفتارێکی هاوشێوەی پیشاندا، ئەوکاتە رستەی ‘یاریزانی هەڵبژاردەی میسڕی’ لە پلاتفۆڕمەکان سڕییەوە.
ئەوکاتە سەڵاح وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی لە وەرنەگرتنی خەڵاتی باشترینی یاریزانی جیهان، ئەم هەڵوێستەی نواند. ئەوکاتە بەرپرسانی یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ، لە دەنگدان بۆ سەڵاح دواکەوتن و فیفا رەتیکردەوە دەنگەکانیان هەژمار بکات.
مهما حاولوا يغيروا حبي ليكي ولناسك مش هيعرفوا❤️❤️❤️ pic.twitter.com/CgM7w1xKXY
— Mohamed Salah (@MoSalah) September 24, 2019