Loading...
عێراقکوردستانگرنگترین

چۆن سلێمانی سه‌رخرا بۆ خولی پلە دووی عێراق؟

سوودی له‌ كشانه‌وه‌ی یانه‌یه‌كی سلێمانی وه‌رگرت

Yariga App

یاریگا –

یانەی سلێمانی، دوای ماوەیەک دابڕان، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ رکابەرییەکانی تۆپی پێی عێراق و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بۆ خولی پلە دووی عێراق سەرکەوت.

ئەم سەرکەوتنە لە کاتێکدایە کە یانەکە لە وەرزی رابردوودا لە یاریی پاشکۆ (پلەی ئۆف) شکستی هێنابوو، بەڵام کشانەوەی یانەیەکی دیکەی هەمان شار، دەرگای بۆ کرایەوە.

قوربانیدانی سیروانی نوێ لەپێناو مانەوە لە خولی نایابی کوردستان

چیرۆکەکە لەوەوە دەستی پێکرد کە یانەی سیروانی نوێ، کە ئەویش یانەیەکی سلێمانییە، وەرزی رابردوو به‌شایستەیی سەرکەوتنی بۆ خولی پلە دووی عێراق بەدەستهێنا، بەڵام وەک بڕیار عەباس، بەرپرسی ڕاگەیاندنی یانەی سیروانی نوێ، به‌تۆڕی وه‌رزشی یاریگای رایگەیاند،

 یانەکەیان بەهۆی چەند کێشەیەکی گەورەوە نەیدەتوانی لە دوو خول (خولی نایابی کوردستان و خولی پلە دووی عێراق) بەشداری بکات ئه‌مه‌ش به‌هۆی نەبوونی ژێرخانی وەرزشیی پێویست و یاریگاییه‌كی شیاو هه‌روه‌ها نەبوونی بودجە و توانای دارایی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی دوو تیم لە دوو خولی جیاوازدا.

بۆیە، کارگێڕی یانەی سیروانی نوێ بڕیاریدا خولی پلە دووی عێراق بکاتە قوربانی و سەرنجی خۆی بخاتە سەر مانەوە و رکابەریکردن لە خولی نایابی کوردستان.

سلێمانی؛ سوودمەندبوون لە هەلێک و بڕیارێکی فیدراسیۆن

دوای کشانەوەی فەرمی سیروانی نوێ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی لێژنەی پێشبڕکێکان بڕیاریدا یانەی سلێمانی وەک جێگرەوەی سیروانی نوێ بۆ خولی پلە دووی عێراق سەربخات.

یانەی سلێمانی وەرزی ڕابردوو لە خولی پلە سێی عێراق بەشداریکرد و توانی بگاتە یاریی کۆتایی پلەی ئۆف، بەڵام لەو یارییه‌ بە ئەنجامی 1-0 بە یانەی ئەکەد دۆڕا و لە سەرکەوتن بێبەش بوو. بەڵام ئەم بڕیارە نوێیەی فیدراسیۆن هەلێکی زێڕینی پێبەخشین.

لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکە، یانەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەجێ دەست بە ئامادەکارییەکانیان دەکەن بۆ وەرزی نوێی خولەکە، ئەمەش وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ گەڕانەوەی یانە دێرینەکەی سلێمانی بۆ نەخشەی وەرزشیی عێراق سەیر دەکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button