ئەستێرە لەبیرکراوەکەی ریال مەدرید دوای شەش مانگ دەگەڕێتەوە

یاریگا –
فێرلاند مێندی، بەرگریکاری ریال مەدرید، دوای شەش مانگ دوورکەوتنەوە دواجار پەیوەندی بە مەشقە بەکۆمەڵەکانی یانەکەی کردەوە.
مێندی تەمەن 30 ساڵ، بەرگریکاری چەپی ریال مەدرید، دوای نزیکەی شەش مانگ دوورکەوتنەوە لە یاریگاکان، بڕیارە بگەڕێتەوە بۆ راهێنانە کۆمەڵەکان. مێندی لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا لە 26ی نیسان تووشی پچڕانی ریشاڵی رانی راستی بوو و بەم هۆیەوە بۆماوەیەکی درێژ دوورکەوتەوە.
بەگوێڕەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاتلێتیک، مێندی وردە وردە دەستی بە مەشقی بە کۆمەڵ کردووە و تیمی پزیشکی یانەکەش فشاری لەسەر دروست ناکەن بۆ رێگریکردن لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی پێکانەکە، بە واتایەکی دیکە چەند هەفتەیەکی دەوێت تا مێندی بگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی و بتوانێت لە یارییەکی فەرمیدا یاری بکات.
بەرگریکارە فەرەنسییەکە لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ ریال مەدرید لە پێکان بێبەری نەبووە. لە ساڵی 2019 بە بڕی 48 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانە مەدریدییەکە کرد و لەو کاتەوە تووشی 17 پێکانی جیاواز بووە، بەمەش کۆی گشتی 625 رۆژ لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە و لە 112 یارییدا بەشداری نەکردووە و گرێبەستەکەی تاوەکوو 2028 کارایە.