
یاریگا –
یانەی ڤالێنسیا بە فەرمی سکاڵای یاسایی لە دژی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فيلم “نێتفلیکس تۆماركرد.
سكاڵاكهی یانهی ڤاڵێنسیا دوای ئەو مشتومڕە دێت کە لەسەر ناوەڕۆکی فیلمێکی دۆکیومێنتاری سەبارەت بە ژیانی ڤینیسیۆس جونیۆر دروست بووە.
کێشەکە پەیوەستە بەو بەشەی فیلمەکەوە کە تیشک دەخاتە سەر ئەو رەگەزپەرستییەی لە یاریگاکانی ئیسپانیادا ڕووبەڕووی ڤینیسیۆس دەبێتەوە.
کۆمپانیای نێتفلیکس لە ماوەی رابردوودا فیلمێکی دۆکیومێنتاری بە ناوی “Baila, Vini” سەما بکە، ڤینی بەرهەمهێناوە، بەڵام بەشێک لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو فیلمەکە، کە گوایە هاندەرانی ڤالێنسیا هاواری رەگەزپەرستانە بەرامبەر یاریزانە بەڕازیلییەکە دەکەن، یانەی ڤالێنسیای تووڕە کردووە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، یانەکە بڕیاری داوە سکاڵا لەسەر نێتفلیکس تۆمار بکات بەهۆی ئەوەی کە بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە و درۆ ناوی بردووە.
ناکۆکی لەسەر وشەی “Tonto” و “Mono”
یانەی ڤالێنسیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە کە فیلمەکە بە هەڵە وا نیشان دەدات کە ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی یانەکە لە یاریی نێوان ڤاڵێنسیا و ریال مهدرید لە ساڵی 2023دا هاواری ڕەگەزپەرستانەیان کردووە، ڤالێنسیا پێشتر داوای کردبوو کە ئەو گرتانە بسڕدرێنەوە، بەڵام نێتفلیکس داواکارییەکەی ڕەتکردەوە.
فیلمەکە پشت بە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەبەستێت کە تێیدا ڤینیسیۆس لە یاریگای مێستایا ڕووبەڕووی هاندەرانی ڤالێنسیا دەبێتەوە، نێتفلیکس لە ژێرنووسی ڤیدیۆکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هاندەران هاوار دەکەن “Mono” کە بە زمانی ئیسپانی واتە “مەیموون”، بەڵام یانەی ڤالێنسیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاندەران هاواریان کردووە “Tonto” واتە “گەمژە”.
ڤینیسیۆس جونیۆر زۆرجار لە یاریگاکانی ئیسپانیادا تووشی پێکدادان بووە لەگەڵ هاندەران و یاریزانانی بەرامبەر، کە چەندین جار بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و وەرگرتنی کارتی سوور، وەک ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا روویدا.
پێشتر و لەگەڵ دەرچوونی یەکەم وەشانی فیلمەکە، یانەی ڤالێنسیا لە بەیاننامەیەکدا ناوەڕۆکی فیلمەکەی بە چەواشەکاری و ستەم بەرامبەر یانەکەیان وەسف کردبوو و داوای سڕینەوەی بەشێکی کردبوو، پێش ئەوەی پەنا بۆ دادگا ببات.