بەدواداچوونی یاریگا؛ چەند یانە بەشداری لە خولی نایابی کوردستان ناکەن؟
کام یانە دەبێتە ئاراڕاتی وەرزی رابردوو و کێی دیکەش سیناریۆی سەیدسادق دووبارە دەکاتەوە؟

یاریگا –
نزیكه‌ی 50 رۆژ بۆ ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان ماوە، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وادەکە، پرسی به‌شداریكردن و نه‌كردنی یانه‌كان بووه‌ته جیێ مشتومڕی شەقامی وەرزشی.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان 22-10-2025ی وەکو ده‌ستپێكی خوله‌كه دیاریكردووه، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌مان سیناریۆی وه‌رزی رابردوو دووباره ببێته‌وه. بەشدارینەکردنی یانەی ئاراڕات و کشانەوەی لەناکاوی یانەی سەیدسادق لە ناوەڕاستی خولەکەدا، گورزێکی کوشندە بوو لە جەستەی خولەکە. ئەم وەرزەش هەمان هۆکارە بنەڕەتییەکان نەک هەر چارەسەر نەکراون، بەڵکو قووڵتریش بوونەتەوە.
لە بەدواداچوونێکی وردی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هەڵوێستی هەر 16 یانەکەی بەشدار لە خولی نایابی کوردستان ئاشکرا دەکرێث.
بەشداری کام یانە یەکلایینەبووەتەوە
یانه‌ی هه‌ڵۆ
یانه‌ی هه‌ڵۆ، دوای چه‌ندین ساڵ هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به خولی نایاب و گەیشتنیان بە ئامانجەکە، به ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌شداری وه‌رزی نوێی خوله‌كه ناكات، بەگوێرەی زانیارییه‌كانی یاریگا، یانه‌ی هه‌ڵۆ بڕیاریداوه به‌شداری خولی نایابی كوردستان بۆ وه‌رزی 2025-2026 نەکات.
سەرچاوەیەکی باڵای یانەکە بە یاریگای راگەیاندووە، بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشەکانی دارایی و نەبوونی هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرکردنی، بە ئەگەری 99% بەشداری وەرزی نوێ ناکەن.
یانه‌ی برایه‌تی
یانه‌ی برایه‌تی یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و یانانه‌ی ئه‌گه‌ری به‌شداریكردنی له خوله‌كه زۆر لاوازە، هۆكاری سه‌ره‌كیش قەیرانی قووڵی داراییه، به‌تایبەتیش لە وه‌رزی رابردوو مووچه‌ی دوو مانگی یاریزانانی نه‌داوه، ئه‌م كێشه داراییانه كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی یانه‌كه بۆ وه‌رزی نوێكردووه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت بڕیاری كۆتایی له چه‌ند رۆژی داهاتوودا بدرێت.
یانه‌ی پیشه‌سازی
یانه‌ی پیشه‌سازی هێشتا بڕیاری كۆتایی له به‌شداریكردن یان كشانه‌وه له خوله‌كه نه‌داوه، یانه‌كه له چاوه‌ڕوانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدان بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری كۆتایی لە چارەنووسی یانەکە بدەن.
یانه‌ی پیشه‌سازی له یه‌كه‌م به‌شدارییان له خولی نایابی كوردستان ئه‌نجامێكی باشیان تۆمارکرد، به‌ڵام دۆخی دارایی چاره‌نووسی یانه‌كه‌ی به نادیاری هێشتووەتەوە و له چه‌ند رۆژی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی چاره‌نووساز ده‌كه‌ن و بڕیاری كۆتایی دەدرێت.
یانه‌ی چوارقوڕنه
تیپه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری راپه‌رین به ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌شداری خوله‌كه ناكات، تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، هیچ كه‌سێک ئاماده‌نییه پشتگیری دارایی یانه‌كه بكات و یانه‌كه‌ش سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی به‌هێزی نیه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كێشه داراییه‌كانی چاره‌سه‌ربكات.
دەستەی کارگێڕی یانەکە چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری هاوکارین، لە ئەگەری ئەوەی هیچ کەس و لایەنێک بەهانای یانەکە نەهێت، ئەوا لە خولەکە دەکشێتەوە.
دەستەی کارگێڕی یانەکە ئامادەیی دەربڕیوە، هەر یاریزانێک نیازی چوونە دەرەوەی لە یانەکە هەبێت، مافی دەستبەرداربوونیان پێدەدات.
بەشداربووەکان
یانه‌كانی شێروانه، ئاكرێ، هه‌ندرێن، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، سیروانی نوێ، رزگاری، ده‌به‌رندیخان، زاخۆ، قه‌ڵادزێ، رانیه، به‌شداری وه‌رزی نوێی خولی نایابی کوردستان ده‌كه‌ن و به‌شێكیان ئاماده‌كارییه‌كانیان ده‌ستپێكردووه.
وه‌رزی رابردوو یانه‌ی شێروانه بۆ یه‌كه‌مجار له مێژوویدا بووه پاڵه‌وان و هه‌ریه‌کە له یانه‌كانی سه‌ید سادق و هه‌ولێر و شه‌قڵاوه دابه‌زین بۆ ریزی پلەیەکی کوردستان.
کێشە سەرەکییەکان؛ بۆچی سیناریۆی پارساڵ دووبارە دەبێتەوە؟
قەیرانی دارایی
زۆرینەی یانەکانی کوردستان پشتیان بە بوودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەستبووه. لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، گورزێکی کوشندە بەر زۆربەی یاخود هەموو یانەکانی هەرێمی کوردستان کەوت. زیاتر لە 14 ساڵە یانەکانی کوردستان نه‌یانتوانیوه سه‌رچاوه‌یه‌كی سەقامگیری داهات په‌یدابكه‌ن و هیچ به‌ره‌و پێشڤەچوونێک له به‌ڕێوه‌بردنی یانه‌كان رووینه‌داوه.
خەرجی یانەکان
بەڕێوەبردنی یانەیەک لە خولی نایابی کوردستان، پێویستی بە خەرجییەکی زۆرە بۆ مووچە و کاروباری لۆجستی و خەرجییەکانی دیکە.
زۆربەی یانەکان خاوەنی سیستمێکی کارگێڕی و دارایی سەرەتایین و پشتییان بە هاوکاری بەستووە، بۆیە ناتوانن وەکو دامەزراوەیەکی گەورە مامەڵە بکەن و خاوەنی بازرگانی و داهاتی تایبەت بە خۆیان بن.
یانەکانی بەشدار لە خولە جیاوازەکان، ئاگاداری خەڵات و پاداشت و تەنانەت تەواوی وردەکارییەکانی خولەکە نین. فێدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان نەیتوانیوە لەڕێی گواستنەوەی تەلەڤزیۆنی پاداشتی یانەکان بکاتەوە و ناڕوونییەکی زۆر لە بابەتەکەدا هەیە.
کەی خولەکە دەستپێدەکات
فێدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان رۆژی 22-10-2025ی وەکو ده‌ستپێكی وه‌رزی نوێی خولی نایابی كوردستان دیاریكردووه.