فابیۆ سیلڤا پەیوەندی بە گەورەیەکی بوندیسلیگا دەکات
ئێستا لە ئەڵمانیایە بۆ تەواوکردنی پشکنینەکان

یاریگا –
هەمووشتێ نزیکبووەتەوە لە راگەیاندنی فەرمی پەیوەندیکردنی فابیۆ سیلڤا بە گەورەیەکی ئەڵمانیا.
سیلڤا کە تازە تەمەنی بووەتە 23 ساڵ، لەوەتەی ساڵی 2020 لە ریزەکانی وۆڵڤز ماوەتەوە بەڵام تا ئێستا بەخواستن بۆ چوار یانەی وڵاتی جیاواز نێردراوەتەدەرەوە؛ ئەوانیش ئەندەرلەختی بەلجیکی، ئایندهۆڤنی هۆڵەندی، رێنجەرزی سکۆتلەندیی و کۆتاجاریش لە لاس پاڵماسی ئیسپانی بوو.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا فلۆریان پلێتنبێرگی ئەڵمانی زانیاریی لەبارەی گواستنەوەکەوە راگەیاند.
ئێستاش بەگوێرەی زانیارییەکانی فابریزۆ رۆمانۆ، یاریزانە پۆرتوگالییەکە گەیشتووەتە ئەڵمانیا بۆ تەواوکردنی پشکنینە پزیشکیەکانی وەک یاریزانی نوێی بۆروسیا دۆرتموند دوای ئەوەی رێککەوتنی هەمەلایەنە کراوە پەیوەست بە گواستنەوەکە.
رۆمانۆ ئەوەشی زانیوە تێچووی گواستنەوەی سیلڤا بە زیاتر لە 25 ملیۆن یۆرۆ رێککەوتنی لەسەرکراوە. بەوەش دۆرتموند توانی رکابەرێتیەکە لەبەرژەوەندی خۆی یەکلایی بکاتەوە کاتێک یانەکانی دیکە بەتایبەت لە ئیتاڵیاوە هەمان خواستیان هەبوو.
🟡⚫️✈️ Fábio Silva, in Dortmund today for medical tests and contract signing as expected. ✅ https://t.co/yIe3VpyxCb
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) August 28, 2025
دۆرتموند یەکێکە لە یانە بەشداربووەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ و بۆ تۆکمەترکردنی ریزەکانی تا ئێستا چەند گرێبەستێکی ئەنجامداوە. خەونی فابیۆش بۆ بەشداریکردن لەم پاڵەوانێتیە گەورەیە دێتەدی.