عێراقکوردستانگرنگترین

پەیامێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ یانەی هەولێر؛ قبووڵکراو نییە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش جارێکی دیکە هەڵبژاردنی تەواوکاری دەستەی کارگێڕی رەتدەکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

خەریکە کێشەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی کوردستان و یانەی هەولێر قووڵ دەبنەوە.

دوێنێ شەممە، یانەی هەولێر هەڵبژاردنی تەواوکاری دەستەی کارگێڕی بە ئامادەبوونی دەستەی گشتی کرد، تاوەکو سەفین یاسین بە فەرمی ببێتە سەرۆکی یانەکە.

یانەی هەولێر لە بەیاننامەیەکدا دووپاتیکردەوە، زیاتر لە 50+1ی دەستەی گشتی یانەکە ئامادەی هەڵبژاردنی تەواوکاری بوون، جیا لەمەش نوێنەرانی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق/هەولێر چاودێری هەڵبژاردنەکەیان کرد.

سەردار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەرزش لە پرێس کۆنفڕانسێکدا جارێکی دیکە روونکردنەوەی لەسەر کەیسی هەڵبژاردنی تەواوکاری یانەی هەولێردا؛

بەداخەوە یانەی هەولێر زوو بە بەیاننامە وەڵامی ئێمەی دایەوە، هیوادارم کەسێک ئەمەی نووسیبێت نەک دەستەی کارگێڕی یانەکە، چونکە یانەی هەولێر وەکو یانەیەکی سەر بە بەغدا وەسف دەکەن و یانەکە بە نوێنەری لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق دادەنێن.

بەڕێوەبەری گشتی وەرزش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە، تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەخەمی یانەی قەڵا و منارەدا بووە؛

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تریلیۆن دینار پاڵپشتی یانەی هەولێری کردووە، لە کاتێکدا بەغدا 250 دیناریشی بە یانەکە نەداوە.

سەردار ئیسماعیل دەستوەردانەکانی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق لە کاروباری یانەی هەولێر بۆ چەند هۆکارێکی کۆن دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش، بەگوێرەی دەستوور مافی بەسەر یانەکانی کوردستانەوە هەیە؛

لە ساڵی 1991 حکومەتی هەرێمی کوردستان سێکتەری وەرزشی کوردستان بەڕێوەدەبات و لەدوای ساڵی 2003 تاوەکو ساڵی 2024 لێژنەی ئۆڵێمپی و وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراقیش بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانیان لە کاروباری وەرزشی هەرێمی کوردستان نەکردووە.

بەداخەوە ساڵی رابردوو، دوای هەڵوەشانەوەی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر و دانانی دەستەیەکی کاتی، بەشێک لە برایانمان چوونە بەغدا و سکاڵایان کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق، نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی ئێمە بکات و دانانی دەستەی کاتی بە نایاسایی لەقەڵەمدا و دەبێ لێژنەی ئۆڵێمپی سەرپەرشتی ئەم کارانە بکات.

ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە و دەبێ وەرزش بە هەماهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوەببرێت. لێژنەی ئۆڵێمپی عێراق بە هەماهەنگی و هاوکاری بەشێک لە نوێنەرانی کورد دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەردار ئیسماعیل لەڕووی یاساییەوە باسی نادەستووری پڕۆسەکەی کرد و روونیکردەوە؛

دەبێ هەموو هەڵبژاردنێک بە ئاشکرا بکرێت، بەڵکو 10 رۆژ پێش رۆژی هەڵبژاردنەکە، ناوی ئەندامان دەستەی گشتی یانەکە و شوێنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە ئاشکرا بکرێت و تەنانەت لە رۆژنامەیەکی باوەڕپێکراو بڵاوبکرێتەوە.

بەهیچ شێوەیەک زیاتر لە 50%ی ئەندامانی دەستەی گشتی یانەکە ئامادەی هەڵبژاردنەکە نەبوون.

چی روویداوە؟

لە کاردانەوەی هەڵبژاردنی تەواوکاری یانەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان بەیاننامەیەکی توندی لە دژی یانەکە بڵاوکردەوە و تەواوی پڕۆسەکەی بە نایاسایی لەقەڵەمدا.

لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر، هەڵبژاردنی تەواوکاری بۆ یانەی هەولێر بە سەرپەرشتی نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵێمپی عێراقی لە هەولێر بەڕێوەچووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسای یانە وەرزشییەکانی عێراق ژمارە (18) ی ساڵی 1986، هەمووارکراو بە ژمارە (37) ی ساڵی ١٩٨٨ و یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە ئەمەش بە پێشێلکاری تایبەتمەندی دامەزراوە وەرزشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بۆیە ئەمە جێگای قبووڵکردن نییە و سەرلەبەری پرۆسەکە لەلایەن ئێمە باوەڕپێکراو نیە و رەتیدەکەینەوە.

یانەی هەولێر چەند کاتژمێرێک دوای بەیاننامەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تەواوی پڕۆسەکەی بە یاسایی وەسفکرد؛

بەداخەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی کوردستان و خودی بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان کە کاری راستەقینەی خۆی بیرچووە و دەستێوەردان لە هەموو کارێک دەکات و تەنیا کاری بووەتە یانەی هەولێر، لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەڵبژاردنە رەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی یانەکە لە 17ی 7ی 2025 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەرزش و بەڕێوەبەری گشتی وەرزشی کوردستان نەماوین و هەڵوەشاینەوە.

یانەی هەولێر-ی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق سەر بە نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵمپی عێڕاق/ لقی هەولێرە و پابەندی بڕیارەکانی ئەوان دەبین، ئەوانیش هەڵبژاردنەکەیان وەک هەموو شارەکانی دیکە کردووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش دەسەڵاتی بەسەر هیچ یانەیەکی کوردستاندا نییە و بەسەر ئێمەشی نابێت.

کەیسەکە لەڕووی یاساییەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش لەڕووی یاساییەوە چەندین بڕگە و ماددەی باسکردووە کە گوایە یانەی هەولێر پێشێلیکردوون.

لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2011، لە ماددەی دووەم و لەبڕگەی نۆیەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزشی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنی سەرەکی و بەرپرسی یەکەمی وەرزشییە.

بەگوێرەی ماددەکانی 115، 117 و 121ی دەستووری عێراق، ماف بە هەرێمی کوردستان دراوە، دامەزراوەکانی وەرزشی بەڕێوەببات، ئەمەش خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش دەبینێتەوە.

بیانووی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش بۆ نادەستووری و نایاسایی هەڵبژاردنی تەواوکاری یانەی هەولێر بریتییە لە؛

هەڵبژاردنی تەواوکاری یانەی هەولێر، پێشێلی یاسای یانەکانی وەرزشی عێراق ژمارە (18)ی هەموارکراو بە ژمارە 37ی ساڵی 1988 و یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.

ئەم هەنگاوە تایبەتمەندی دامەزراوەکانی وەرزشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پێشێلکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button