نیوکاسڵ چاوەڕێییە؛ ویسا تووڕەیە و داوای سازان لە برێنتفۆرد دەکات
ژمارەی یاخیبووان لە پرێمەرلیگ زیادیکردووە...

یاریگا –
یۆوان ویسا زۆر تووڕەیە و لە شکستهێنانی گواستنەوەی بۆ نیوکاسڵ یونایتد نیگەرانە.
برێنتفۆرد بە هەموو شێوەیەک هەوڵی هێشتنەوەی ویسا لە ریزەکانی دەدات، بەڵام یاریزانەکە یاخی بووە و دەیەوێت پەیوەندی بە نیوکاسڵ یونایتد بکات.
دوێنێ دووشەممە، ویسا هەموو پۆستێکی پەیوەندیداری بە برێنتفۆرد لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا سڕییەوە، ئەمەش دۆخی ئێستای یاریزانەکە پیشان دەدات.
هەرجەندە برێنتفۆرد گرێبەستی لەگەڵ دانگۆ ئۆتارا واژۆکردووە، بەڵام برێنتفۆرد تاوەکو ئێستا نایەوێت دەستبەرداری ویسا ببێت.
تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، لەم هەفتەیەدا هیچ پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان برێنتفۆرد و نیوکاسڵ لەبارەی ویسا نەکراوە.
نیوکاسڵ دەیەوێت هەرچی زووە شوێنگرەوەیەک بۆ ئالێکساندەر ئیزاک بدۆزێتەوە، چونکە یاریزانەکە ئامادەنییە یاریی بۆ یانەکە بکاتەوە و حەزی لە پەیوەندیکردنە بە لیڤەرپوول.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، چەندین یانە گرنگییان بە ویسا دا، بەڵام برێنتفۆرد ئامادەنەبوو گفتوگۆش لەسەر ئۆفەرەکان بکات و ئێستا هەموو هەوڵێکی بۆ هێشتنەوەیەتی.
سەرچاوەیەکی برێنتفۆرد بە سکای سپۆرتسی راگەیاندووە، دەبێ نیوکاسڵ یونایتد پارەی داواکراو پێشکەش بکات، ئینجا گفتوگۆ لەسەر مەرجەکانی دیکە دەکرێت.
ویسا بە یانەکەی راگەیاندووە، نایەوێت جارێکی دیکە یاریی بۆ برێنتفۆرد بکاتەوە و داوای مۆڵەتی گواستنەوەی کردووە.