ئیسپانیا

ژمارەی درێسی گۆڵپارێزە نوێیەکەی بارسێلۆنا ئاشکرا بوو

Yariga App

یاریگا –

بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارسێلۆنا رایگەیاند، گرێبەستی خوان گارسیا بە فەرمی لە لالیگا تۆمارکراوە و گۆڵپارێزە لاوەکەش دەتوانێت لە یەکەم یاری ئەم وەرزەدا بەرامبەر مایۆرکا یاری بکات.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەم هەواڵە، ماڵپەڕی یانەکە ژمارەی درێسی گارسیای ئاشکرا کرد؛ ئەم وەرزە گارسیا بە درێسی ژمارە 13 یاری دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە گارسیا درێسی ژمارە یەکی لە گەشتەکەی ئاسیادا دەپۆشی. ژمارە یەک ئێستا لە دەستی ئیناکی پێنادایە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری رۆشتنی لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەم ژمارەیە دەتوانێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێتەوە بۆ مارک ئەندرێ تێر شتیگن؛ گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە بەهۆی پێکانەوە تا کۆتایی ئەمساڵ ناتوانێت یاوەری یانەکەی بکات.

یاساکانی لالیگا باس لەوە دەکەن کە گۆڕینی ژمارەکان لەماوەی ئەم وەرزەدا رێگە پێدراو نییە و هەر یاریزانێک تەنانەت بۆ ماوەی یەک خولەک لە پێکهاتەی فەرمی بە ژمارەیەکی دیاریکراو یاری بکات، دەبێت تا کۆتایی وەرز ئەو ژمارەیە بهێڵێتەوە تاوەکو هیچ کێشەیەکی ئەگەری دروست نەبێت، بارسێلۆنا بڕیاریدا گارسیا بە ژمارە 13 تۆمار بکات بۆ ئەوەی درێسی ژمارە یەک بەبێ هیچ ئاستەنگێک لە کاتی گەڕانەوەی تێر شتیگن بەردەست بێت.

بڕیارەکە ئەوە دەردەخات کە بارسا بەردەوام دەبێت لە پاراستنی پێگەی تێر شتیگن وەک گۆڵپارێزی یەکەم، لە هەمان کاتدا متمانەی بە گارسیا هەیە بۆ ئەوەی ئەرکی گرنگی پاراستنی گۆڵی تیپەکە لە هەفتەکانی سەرەتای وەرزدا بگرێتە ئەستۆ.

بابەتی زیاتر

Back to top button