گڵۆپی سەوز بۆ بارسا هەڵکرا و دەتوانێت گۆڵپارێزەکەی ناونووس بکات

یانەی بارسێلۆنا دەتوانێت ناوی خوان گارسیا بۆ وەرزی نوێی لالیگا تۆماربکات پاش ئەوەی راپۆرتە پزیشکییەکەی تێر شتیگن قبوڵ کرا.
بارسا بەنیاز بوو راپۆرتێکی پزیشکی بدات بە لالیگا کە تێیدا هاتبوو شتیگن بەهۆی پێکان چوار مانگ دووردەکەوێتەوە بەوەش بەپێی یاسا دەیتوانی گۆڵپارێزێکی دیکە لە جێگەی ناونووس بکات. بەڵام شتیگن سەرەتا ئامادەنەبوو واژوو لەسەر ئەو راپۆرتە بکات و ئەمەش کێشەی خستە نێوان کاپتنەکە و یانەکە. بەڵام سەرەنجام هەردوولا رێککەوتن و شتیگن واژووەکەی بۆ کردن.
ئەمڕۆش بارسێلۆنا رایگەیاند، لەلایەن لالیگاوە ئاگادارکراونەتەوە کە راپۆرتەکە قبوڵکراوە و دەتوانن خوان گارسیا ناونووس بکەن. موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت لالیگا تیمێکی پزیشکی ناردووە بۆ بارسێلۆنا بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ماوەی دوورکەوتنەکەوەی شتیگن زیادەڕەوی تیانەکراوە لەپێناو ناونووسکردنی گۆڵپارێزە تازەکەیان. دواتر دەرکەوتووە هەمووشتێک لە جێگەی خۆیدایە.
بارسا هێشتا کێشەی ناونووسکردنی مارکوس راشفۆردی هەیە بۆ وەرزی نوێی لالیگا. تەنها دوو رۆژ ماوە بارسا یەکەم یاری وەرز بەرامبەر مایۆرکا ئەنجام بدات و خوان لاپۆرتا دانی بەوەدانابوو زەحمەتە بتوانن ئەو یاریزانە ناونووس بکەن بۆ ئەو یارییە.