
یاریگا –
ململانێی نێوان عهدنان درجال و ئهندامانی دیكهی فیدراسیۆنی تۆپیی عێراق بهسهرپهرشتی یونس مهحمهد دهگاته لووتكه.
لە چەند رۆژی رابردوو، لهسهر ههڵبژاردنهكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ململانێیهكی گەورەی هەڵبژاردن كه پەیوەندی بە پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتیهكه ههیه دروست بووه، ئەم کێشەیە لە نێوان سەرۆکی ئێستا عەدنان درجال و ژمارەیەک لە ئەندامان بە سەرۆکایەتی یونس مەحمود سەریهەڵداوە.
عەدنان درجال داوای دواخستنی ههڵبژاردن دهكات
عەدنان درجال، سەرۆکی ئێستای یەکێتی تۆپی پێی عێراق، نامەیەکی فەرمی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان کردووە و داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی یەکێتییەکەی بۆ سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو کردووە، هۆکاری سەرەکی ئەم داواکارییە بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێنێتەوە:
1.هەڵوەشاندنەوەی دەستەی کارگێڕی یانەکان: درجال ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بهشێكی دەستەی کارگێڕی یانەکانی دەرکردووە، ئەمەش وایکردووە کە دەستە کاتییەکان نەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، کە بە بڕوای ئەو، دەبێتە هۆی تێکدانی نیسابی یاسایی کۆبوونەوەی گشتی و کاریگەری نەرێنی لەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردنەکان دەبێت.
2.ناڕەزایەتی لەسەر پێکهێنانی لیژنەکان: درجال ناڕەزایەتی خۆی لەسەر شێوازی پێکهێنانی لیژنەکانی هەڵبژاردن و لیژنەی تانەدان دەربڕیوە، ئەو پێی وایە کە ئەم لیژنانە بە شێوەیەکی گونجاو و بێلایەنانە پێک نەهێنراون، کە ئەمەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر پاکی و بێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان هەبێت.
3.كاریگهری لهسهر ههڵبژاردهی عێراق: درجال چەند هۆکارێکی دیکەشی خستووەتە روو کە پێی وایە پێویستیان بە دواخستن هەیە، یهكێك له هۆكارهكان یارییهكانی ههڵبژاردهی عێراق له پاڵاوتنهكانی گهیشتن به مۆندیالی 2026 بۆ ئهوهی كاریگهری نهرێنی دروست نهكات، به بڕوای ئهو بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی تەندروست و دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت دهبێت دوابخرێت.
ئەم داواکارییانهی درجال لە کاتێکدایە کە خۆی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بهربژێر كردووه و پێی وایە دواخستنەکە دەرفەتێک دەدات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و دڵنیابوون لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی روون و شەفاف.
هەڵوێستی یونس مەحمود و ئەندامانی دیکە
لە بەرامبەر داواکارییەکەی عەدنان درجال بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان، ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یەکێتی تۆپی پێی عێراق، بە سەرۆکایەتی یونس مەحمود، هەڵوێستێکی توندیان وەرگرتووە و بە فەرمی داواکارییەکەی درجالیان رەتکردووەتەوە، ئەم ئەندامانە بریتین لە (یونس مەحمود، گۆڤهند عهبدولخالق، ئەحمەد موسەوی، محەمەد ناسر، رەحیم لەفتە، غالب زاملی، رەشا تاڵیب، خەلەف جەلال).
ئەم ئەندامانە نامەیەکی فەرمییان ئاراستەی هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێ جیهان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا کردووە و تێیدا جەختیان لەسەر چەند خاڵێک کردووەتەوە:
1.پێویستی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بكرێت: ئەوان پێیانوایە کە بهرێوهچوونی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا مافێکی دیموکراسییە و پێویستە بەپێی یاسای یەکێتییە وەرزشییەکان و سیستەمی بنەڕەتی جێبەجێ بکرێت، دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە بڕوای ئەوان، پێچەوانەی بنەما دیموکراسییەکان و خواستی زۆربەی یانەکان و لقی یهكێتیهكانی شارهكانه کە ئەندامن لە دهستهی گشتی.
2.خواستی یانەکان و یەکێتییە لاوەکییەکان: ئەندامانی ناوبراو ئاماژە بەوە دەکەن کە هەموو یانەکان و یەکێتییە لاوەکییەکان داوای بهرێوهچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا دەکەن و پێیانوایە کە پرۆسەی هەڵبژاردن پێویستە بە زووترین کات کۆتایی پێ بێت بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری و پێشکەوتنی تۆپی پێی عێراق.
3.رەتکردنەوەی پاساوەکانی درجال: بە بڕوای ئەم ئەندامانە، پاساوەکانی درجال بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان ناڕوون و بیانوی شكستن، پێیانوایە کە دەبێت هەڵبژاردنەکان بە بێ هیچ دواکەوتنێک بكرێت بۆ ئەوەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق بتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی و شەرعی کارەکانی بەڕێوە ببات.
وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنەکان
سەرەڕای ئەو کێشە و ناکۆکییانەی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ههن،وادهی دیاریكراو بۆ بهرێوهچوونی ههڵبژاردنهكانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێڕاق له 16ی ئەیلوولی داهاتوو وەک وادەی بهرێوهچوونی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق دیاریکراوە، ئەم وادەیە لەلایەن نووسینگەی جێبەجێکاری یەکێتییەکەوە پەسەند کراوە و جەختی لەسەر کراوەتەوە کە هەڵبژاردنەکان لەم وادەیەدا بكرێن.
دیاریکردنی ئەم وادەیە لە کاتێکدایە کە فشارێکی زۆر لەسەر یەکێتی تۆپی پێی عێراق هەیە بۆ ئهوهی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بكرێت، بەتایبەتی لەلایەن فیفا و یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، کە جەخت لەسەر پابەندبوون بە بنەما دیموکراسییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەنەوە، هێشتا فیفا هیچ بریارێكی بۆ دواخستنی ههڵبژاردنهكه دهرنهكردووه.