لیڤەرپوول لەڕووی داراییەوە دەتوانێت ئیزاک بگوازێتەوە؟
راپۆرتێکی وردی دارایی وەڵامی دیارترین پرسیاری ئێستای لیڤەرپوولییەکان دەداتەوە

یاریگا –
لیڤەرپوول هیوایەکی گەورەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان ماوە و بەهەموو شێوەیەک کاری لەسەر دەکات.
ئامانجی سەرەکی لیڤەرپوول لە مانگی داهاتوودا، گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتدە، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا لیڤەرپوول لەڕووی داراییەوە دەتوانێت ئیزاک بگوازێتەوە؟
لیڤەرپوول دەیەوێت بە ئۆفەرێکی نزیک لە 120 ملیۆن پاوەند، ئیزاک بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام هێشتا بەفەرمی هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
لەلایەکی دیکەوە، لیڤەرپوول لە دەستبەرداربوون لە لویس دیاز بەبڕی 75 ملیۆن یۆرۆ بە بایرن میونشن نزیکە و لەوانەیە ئەمڕۆ سێشەممە هەموو شتێک یەکلاییببێتەوە. رێدز سەرباری فرۆشتنی چەند یاریزانێک، بەڵام بڕێکی زۆری پارەی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە خەرجکردووە.
دیاز لە یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی 2022 بەبڕی 45 ملیۆن یۆرۆ لە پۆرتۆوە پەیوەندی بە لیڤەرپوول کرد، ئێستا بەهاکەی دوو ئەوەندە لێهاتووە و لیڤەرپوول نزیکەی 50 ملیۆن پاوەند لەو گرێبەستە قازانج دەکات.
جیا لە دیاز، لیڤەرپوول بەبڕی 30 ملیۆن پاوەند دەستبەرداری جاڕێڵ کوانسا بووە، بەڵام فلۆریان ڤیرتز و هوگۆ ئێکیتیکێ بەنزیکەی 200 ملیۆن پاوەند گواستراونەتەوە.
لیڤەرپوول تەواوی پارەی یاریزانە نوێیەکان خەرج ناکات، بەڵکو بەسەر ساڵەکان و مووچەی یاریزانانی دابەشکردووە، ئەمەش فشاری نەبوونی پارەی کاشی بۆ دروست ناکات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاتلێتیک، پێشبینی دەکرێت لیڤەرپوول هیچ کێشەی لەڕووی یاساکانی دارایی خاوێن بۆ دروستببێت. چونکە فرۆشتنی دیاز و کوانسا نزیکەی 78 ملیۆن پاوەندی بۆ یانەکە هێناوەتەوە، ئەمەش زۆر لە سنووربڕکردنی یاساکانی دارایی خاوێن دوورە.
بەڕێکردنی یاریزانی زیاتر، لیڤەرپوول لەڕووی داراییەوە دەخاتە پێگەیەکی بەهێز، چونکە قازانجی یانەکە لە سەرجەم خاڵەکانی داهات زیادبووە، ئەمەش گواستنەوەی ئیزاک ئاسانترە دەکات.
لیڤەرپوول پارەیەکی زۆری لەم هاوینەدا خەرجکردووە، ئەگەر ئیزاکیش بگوازنەوە، ئەوا قەبارەی خەرجییەکان دەباتە ئاستێکی دیکە، بەڵام ئەمە کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی دارایی یانەکە دروست ناکات، چونکە گرێبەستی محەمەد سەڵاح و ڤیرجیڵ ڤان دایک تەنیا دوو ساڵی ماوە و بە رۆیشتنی ئەو دوو یاریزانە، سنووری مووچە زۆر کەمدەبێتەوە و ئەمەش کێرڤی خەرجییەکانی یانەکە دەهێنێتە خوارەوە.