فۆڕێست لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی سێریا ئەی نزیکە
لە یاریزانێکی فولهامیش نزیکبووەتەوە

یاریگا –
نۆتینگهام فۆڕێست لە گواستنەوەی یاریزانێکی سێریا ئەی و پرێمەرلیگ نزیکە.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، نۆتینگهام خەریکە گواستنەوەی دان ئێندۆیێ، یاریزانی بۆڵۆنیا تەواو دەکات و چاویشی بڕیوەتەوە ئاداما تراورێ، یاریزانی فولهام.
هەفتەی رابردوو، فۆڕێست لەگەڵ ئێندۆیێ لەسەر مەرجەکانی کەسی رێککەوت و لەوانەیە تاوەکو هەینی گرێبەستی یاریزانە سویسرییەکە رابگەیێندرێت.
نونۆ ئیشپیرتیۆ سانتۆ، راهێنەری نۆتینگهام داوای گواستنەوەی تراورێش دەکات، تاوەکو بژاردەکانی هێڵی پێشەوەی بباتە ئاستێکی باشتر، پێشتر هەردووکیان لە وۆڵڤز پێکەوە کارییان کردووە.
نۆتینگهام دوای فرۆشتنی ئانتۆنی ئیلانگا بۆ نیوکاسڵ یونایتد، هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئێندۆیێ زیادکرد.
لەوانەیە ئێندۆیێ ببێتە سێیەم گرێبەستی ئەم مێرکاتۆیەی نۆتینگهام، ئەمەش دوای گواستنەوەی ئیگۆر خێسوس و جەیر کونیا لە بۆتافۆگۆ و مۆرگان وایت گیبس.
ئێندۆیێ لە 71 یاریدا لەگەڵ بۆڵۆنیا 11 گۆڵ و شەش ئەسیستی هەبووە، خاوەنی گۆڵی بردنەوەی جامی ئیتاڵیایە بەرامبەر میلان، ئەمەش یەکەم نازناوی یانەکەبوو لە 51 ساڵی رابردوو.