ئاسیاراپۆرتی تایبەتگرنگترینیاریگا

تارق زیاب دەرکرا؛ بی ئین سپۆرتس 200 کارمەندی لەکار دوور خستەوە

جارێکی دیکە کەناڵە قەتەڕییەکە بەکۆمەڵ کارمەندەکانی دەردەکات

Yariga App

یاریگا –

گروپی کەناڵەکانی بی ئین سپۆرتس نزیکەی 200 کارمەندی کەناڵەکانی لەکار دوور دەخاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەبارەی دوورخرانەوەیان بڵاو نەکراوەتەوە.

گروپی کەناڵە وەرزشییەکانی beIN SPORTSـی قەتەڕی کە بارەگاکەی لە دەوحەیە، بڕیاریداوە نزیکەی 200 کارمەندی کەناڵە جیاوازەکانی لەکار دووربخاتەوە، کە لێکدانەوەی جیاواز و دەنگۆی جیاواز بۆ هۆکاری ئەم بڕیارەی کەناڵە مۆرەکەی بی ئین دەکرێت.

تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ناو کەناڵی بی ئین سپۆرتس زانیویەتی هەریەکە لە تارق زیاب (شرۆڤەکاری بەناوبانگی توونسی)، موهەیب بن شویخە (پێشکەشکاری توونسی)، موهەنەد جالی (پێشکەشکاری لیبی)، لەیلا سەماتی (پێشکەشکاری جەزائیری)، محەمەد عەموور بەڕێوبەری کەناڵی بی ئین سپۆرتس نیوز لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و چیدیکە لەو کەناڵە قەتەڕییە کار ناکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، بی ئین سپۆرتس گرێبەستی هەریەکە لە حەفیت دەراجی (کۆمێنتاری جەزائیری)، عەلی محەمەد عەلی (کۆمێنتاری میسری)، محەمەد سەعدوون کەواری (پێشکەشکاری قەتەڕی)، محەمەد ئەبوترێکە (شرۆڤەکاری میسری) نوێکردووەتەوە و لە کەناڵەکە بەردەوام دەبن.

لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاکانی نزیک لە قەتەڕ دەنگۆی جیاواز لەبارەی هۆکاری دەرکرانی ئەو 200 کارمەندە دەکرێت، بەشێکیان باس لەوە دەکەن، کەناڵەکە دەیەوێت خەرجییە زیادەکانی کەم بکاتەوە و هاوشێوەی DAZN خۆی لەگەڵ سەردەمی نوێی میدیای وەرزشی بگونجێنێت، بەشێکیشیان باس لەوە دەکەن بی ئین بەهۆی چەند کێشەیەکەوە بڕیاری دوورخستنەوەی داون.

ئەمە یەکەمجار نییە بی ئین سپۆرتس بە یەک بڕیار دەستبەرداری کۆمەڵێک کارمەندی دەبێت، دوو ساڵ لەمەوبەر بەهەمان شێوە کەناڵە قەتەڕییەکە دەستبەرداری هەریەکە لە رەئوف خلێف (کۆمێنتاری توونسی)، ئەیمەن جادە (پێشکەشکار و کۆمێنتاری سووری)، لەخزەر بریش (پێشکەشکار و کۆمێنتاری جەزائیری)، هیشام خەڵسی (پێشکەشکار و کۆمێنتاری تووندی) و یوسف سەیف (کۆمێنتاری قەتەڕی) بوو.

گرووپی کەناڵەکانی بی ئین سپۆرتس ساڵی 2003 لە دەوحە لەژێر ناوی جەزیرە ریازی وەکو بەشێک لە گرووپی میدیایی جەزیرە دامەزرا، ساڵی 2014 ناوەکەی بۆ بی ئین سپۆرتس گۆڕدرا و بووە گرووپێکی میدیایی کە مافی پەخشی زۆربەی خول و پاڵەوانێتییە گەورەکانی جیهان و ئەوروپای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کڕیوەتەوە.

أستوديوهات beIN SPORTS تتأهب لليلة الأبطال

Back to top button