ئه‌مریکاگرنگترین

پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان؛ پۆستێکی پاسەوانی سنووری ئەمریکا هەرای ناوەتەوە

Yariga App

یاریگا –

تەنها چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ بینینی یەکەمین وەشانی نوێی مۆندیالی یانەکان کە 14ی ئەم مانگە بە یاریی نێوان ئینتەر مەیامی و ئەهلی میسڕی دەستپێدەکات.

نزیکبوونەوەی وادەی ئەو بۆنە وەرزشییە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە وڵاتەکە گیرۆدەی گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆرە بەتایبەت لە لۆس ئانجڵس، ئەوەش دوای هەوڵەکانی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی و دیپۆرتکردنەوەیان بەتایبەت کۆچبەرانی وڵاتە لاتینییەکان. ئەوەش ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی ناچارکرد هێز رەوانەی شارەکە بکات.

بەگوێرەی نوێترین پێشهات کە مەیڵ سپۆرتی ئینگلیزی بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی پاسەوانی سنووری ئەمریکا پۆستێکی پڕ مشتومڕی لە پلاتفۆرمەکانی خۆی بڵاوکردەوە کە بەلای فیفاوە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن بوو پەیوەست بە ئامادەبوونی هاندەرانی یانە جیاوازەکان بەتایبەت ئەوانەی لاتین ئەمریکیین.

وەک لە مەیڵ سپۆرد بڵاوکراوەتەوە، پۆلیسی پاسەوانی نووسیویەتی “با یارییەکان دەستپێبکات. یەکەمین پاڵەوانێتی فیفا تایبەت بە یانەکان لە 14ی مانگ لە مەیامی بەڕێوەدەچێت. ئێمە تەواو ئامادەین بۆ دابینکردنی ئاساییش لە یەکەم گەڕی یارییەکاندا.”

لای خۆیانەوە سەرچاوەکە بۆ تێگەشتن لە پەیامەکانی ئەو پۆستە کە هەرزوو سڕیانەوە، پەیوەندییان بە وەزارەتی ئاساییشی نێوخۆییەوە کردووە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە.

ئەوەی جێی سەرنجە، پۆستەکەی پاسەوانی سنوور ئەو ترس و نیگەرانییەی لێکەوتووەتەوە بەوەی گوایە لەنێو یاریگاکاندا ئامادە دەبن بۆ پشکنین و دەستنیشانکردنی هەر کۆچبەرێکی نایاسایی.

ئەگەرچی هێشتا فیفا لەو بارەیەوە هیچی نەتووە، بەڵام لە درێژەی هەواڵەکەی مەیڵ سپۆرتدا ئەوە هاتووە کە مەبەستی پۆستەکە لە دابینکردنی ئاساییش بووە لە دەرەوەی یاریگا، بەپێچەوانەوە هیچ کارمەندێکی تایبەت بە کۆچ و گومرگی ئەمریکی و پاسەوانی سنوور لە یاریگاکاندا بوونی نابێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button