ریال مەدرید بەر لە رووبەڕووبوونەوەی هیلال درزێکی کوشندەی بەرکەوت

یاریگا –
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڤینیسیۆس لە کاتی یاری هەڵبژاردەی بەڕازیل بەرامبەر پاڕاگوای بە هۆی گرژبوونی ماسولکەکانییەوە تووشی پێکان بوو.
ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی ریال مەدرید لە یارییەکەی بەڕازیل بەرامبەر پاڕاگوای گۆڵێکی تۆمارکرد و یەکەم سەرکەوتنی وەک راهێنەری بەڕازیل بە کارلۆ ئانچێلۆتی بەخشی، بەڵام لە خولەکی 78دا بەهۆی گرژبوونی ماسولکەی قاچی چەپی ڤینی یاریگای بەجێهێشت. یەم پێکانە لە کاتێکدا روویدا کە ریال مەدرید هەفتەی داهاتوو لە جامی جیهانی یانەکاندا بەرامبەر هیلال یاری دەکات و هەر پێکانێک دەتوانێت بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکەدا بخاتە مەترسییەوە.
ڤینیسیۆس لە یارییەکەی دوێنێشەودا ئاستی وەکوو پێویست نەبوو، بەڵام لە ساتێکی چارەنووسسازدا پاسەکەی ماتیۆس کۆنیای کۆکردەوە و بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی هەڵبژاردەکەی تۆمار کرد و سێ خاڵی گرنگی بە بەڕازیل بەخشی و گەیشتنی بە مۆندیالی 2026 مسۆگەر کرد. بەگوێڕەی راپۆرتێکی ئاس، بڕیارە کاتژمێرەکانی داهاتوو قورسی پێکانەکەی ڤینی یەکلایی بکرێتەوە و لە ئەگەری قورسبوونی پێکانەکە ماوەی دوور کەوتنەوەی ئاشکرا دەکرێت.
دوای یارییەکە، ڤینیسیۆس بە ئارامی و دڵخۆشیەوە دەرکەوت، زەردەخەنەی دەکرد و دەیگوت ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئاهەنگ بگێڕین بۆ سەرکەوتنمان بۆ مۆندیال. ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا تیپەکەی ئانچێلۆتی دەتوانێت بە هێمنی زیاتر خۆی بۆ دوو یاریی پاڵاوتن و یارییە دۆستانەکانی ماوەتەوە لە مانگی ئەیلولدا ئامادە بکات.
یاریی داهاتووی بەڕازیل لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر چیلی دەبێت، بەڵام ڤینیسیۆس بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتەکانییەوە، سڕ دەکرێت. تەنیا بۆ یاری کۆتایی پاڵاوتنەکان ئامادە دەبێت.