دوا رۆژی مێرکاتۆ؛ پێشبینی گواستنەوەی چەند یاریزان دەکەین؟
تۆڕی وەرزشی یاریگا وردەکاریی و پێشبینییەکانی دوا رۆژی گواستنەوەی وادەی یەکەمی مێرکاتۆ دەخاتەڕوو

یاریگا –
ئەمشەو کاتژمێر 21:00 بەکاتی هەولێر، وادەی یەکەمی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە دادەخرێت، ئەمەش تاوەکو یانەکانی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان، ریزەکانیان تۆکمە بکەن.
ئەمشەو دوا وادەی یانە بەشداربووەکانی مۆندیالی یانەکانیشە، تاوەکو لیستی کۆتایی یاریزانان پێشکەشی فیفا بکەن و ئیتر ناتوانن ناوی هیچ یاریزانێک زیادبکەن.
ئارسیناڵ کەوتووەتە خۆی دەیەوێت رێگری لە حەزە گەورەکانی هیلال بکات، چونکە یانە سعوودییەکە چاوی بڕیوەتە بێنیامین شێشکۆ و دەیەوێت بۆ مۆندیالی یانەکان بیگوازێتەوە.
یانە سعوودییەکە ئاڵنگاری گەورەی لەپێشە، چونکە پێناچێت یاریزانەکە لەم تەمەندا حەزی یارییکردنی لە خولی سعوودی هەبێت، بەڵام ئۆفەرێکی 60 ملیۆن پاوەندی، لەوانەیە هەموو هاوکێشەکان بگۆڕێت.
مانچێستەر سیتی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان، هەموو هەوڵێکی بۆ تەواوکردنی گواستنەوەی رەیان شەرقی داوە، ئەمەش دوای رێککەوتنی لەگەڵ لیۆن لەسەر گواستنەوەی ئەستێرە فەڕەنسییەکە.
مان سیتی لە دوای ناساندنی رەیان ئایەت نووری، دەیەوێت ئەمڕۆ تیجانی رێندێرس و شەرقی بناسێنێت.
هیلال ئۆفەرێکی گەورە بۆ گواستنەوەی ئامانجی سەرەکی ئارسیناڵ پێشکەش دەکات
لەلایەکی دیکەوە، چێڵسی چاوەڕێی تەواوکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی مایک ماینان، گۆڵپارێزی میلان و جەیمی گیتێنز، ئەستێرەی لاوی بۆڕووسیا دۆرتموند دەکات.
پێناچێت گواستنەوەی هەردوو یاریزانەکە لە دوا قۆناخ نزیکبووبێتەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای چێڵسی هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و شاندێکیان لە ئەڵمانیایە، تاوەکو هەموو وردەکارییەک لەگەڵ گیتێنز ببڕێننەوە.
ئەگەر یانەکان تاوەکو ئەمشەو لە گواستنەوەی ئەستێرەکان سەرکەوتوو نەبوون، ئەوا دەرفەتێکی دیکەی تۆمارکردنی یاریزانانیان لە دوای قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان دەبێت.
بەگوێرەی یاسای نوێی گواستنەوەی فیفا، یانەکانی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان، دەتوانن لە 27ی ئەم مانگە تاوەکو 3ی مانگی داهاتوو، واتە لەدوای تەواوبوونی قۆناخی کۆمەڵەکان، ناوی یاریزانی نوێ لە پاڵەوانیەتییەکە تۆماربکەن.
تەواو؛ ریال مەدرید لە یەکلایی کردنەوەی گرێبەستێک پێش مۆندیالی یانەکان شکستی هێنا
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانی نزیک لە ریال مەدرید بێت، یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا لە گواستنەوەی ئالڤارۆ کارێراس، بەرگریکاری باڵی چەپی بێنفیکا بەر لە دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان شکستیهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە تاوەکو ئەمڕۆ مەدرید تەنیا گواستنەوەی دین هاوسن و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵدی یەکلاییکردووەتەوە و بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکەن.