تەواو؛ ریال مەدرید گرێبەستی یاریزانێکی لاو نوێدەکاتەوە
ریال مەدرید داهاتووی خۆی دەپارێزێت

یاریگا –
ریال مەدرید گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی لەگەڵ خێسوس فۆرتێیا، بەرگریکاری لاو دەستپێکردووە.
دوای دەستبەکاربوونی ئالڤارۆ ئاربێلۆوا، وەکو راهێنەری تیمی کاستیا (تیمی دووەم)، گفتوگۆکان بۆ هێشتنەوەی فۆرتێیا بەرگریکارە 18 ساڵییەکە دەستیپێکرد.
گرێبەستی ئێستای بەرگریکارە لاوەکە لە هاوینی ساڵی 2026 بەسەردەچێت و گومانەکانی بەردەوامبوونی زیادبوون، چونکە لە وەرزی رابردوودا سەرەڕای کێشەکانی هێڵی بەرگری ریال مەدرید، کارلۆ ئانچێلۆتی، بەرگریکارەکەی بانگهێشتی تیمی یەکەم نەکرد، بەڵام ئاربێلۆوا خەریکە هاوکێشەکە دەگۆڕێت و یاریزانەکە بە مانەوە رازی دەکات.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت فۆرتێیا گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و بانگهێشتی لیستی چابی ئاڵۆنسۆ بۆ مۆندیالی یانەکان بکرێت.
فۆرتێیا بەشداری لە 14 یاریی وەرزی رابردووی تیمی کاستیا کرد، خاوەنی دوو گۆڵ و سێ ئەستیت بوو لە کۆی هەشت یاریی چامپیۆنزلیگی لاوان.