شەیدای مەدرید؛ چۆن ئاڵۆنسۆ گەڕایەوە ریال مەدرید؟
تەواوی وردەکارییەکانی گواستنەوەی ئاڵۆنسۆ بۆ بێرنابیۆ و پەیوەندی لەگەڵ پێرێز بزانە

یاریگا –
ریال مەدرید دوای هەڵسەنگاندنی دۆخ و توانای بژاردەکان، لە کۆتاییدا چابی ئاڵۆنسۆی کردە شوێنگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی.
ئاڵۆنسۆ یەکێکە لە دیارترین راهێنەرانی ئێستای ئەوروپا و شوێنپەنجەی بەڕوونی دیارە، بە تایبەت دوای ئەنجام و دەستکەوتە خێراکانی لەگەڵ بایەر لیڤەرکوزن.
ریال مەدرید لە دەیەی رابردوودا، ستراتیژییەتی دەستنیشانکردنی ئەو راهێنەرانە بووە، کە پێشتر ئەندامی یانەکە بوون رافایێل بێنیتێز (2015)، زینەدین زیدان (2016)، خولین لۆپیتگێ (2018) و دواجار ئانجێلۆتی.
دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید و بە تایبەتی خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، زۆر لەسەر ئاڵۆنسۆ جیدی بوو، دەکرێ بە بزوێنەری سەرەکی گرێبەستەکە دابندرێت. سانچێز پێی وایە ئاڵۆنسۆ لە یانەی گەورەی وەکو لیڤەرپوول، ریال مەدرید و میونشن لەگەڵ راهێنەری گەورەی وەکو پێپ گواردیۆلا، جۆسێ مۆرینیۆ و بێنیتێز کاریکردووە، بۆیە دەتوانێت ببێتە دامەزرێنەری سەردەمێکی نوێی یانەکە.
لە هەموو گرنگتر ئەم خاڵەیە؛ ئاڵۆنسۆ تەواو لە هێزی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە و فشاری بەردەوامی میدیاکانی ئیسپانیا تێدەگات، جیا لەمەش دەزانێت ژووری ئاستی لەخۆباییبوون لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بەرزە، ئەمەش دەبێتە ئامادەکاری پێش جەنگ.
بەر لە گواستنەوەی وەکو یاریزان بۆ ریال مەدرید، ئاڵۆنسۆ خۆشەویستییەکی زۆر بۆ یانەکە هەبوو، تەنانەت خۆی داواکاری گواستنەوەی پێشکەشی دەستەی کارگێڕی لیڤەرپوول کرد و دواتر بووە ئەندامێکی تیمی گالاکتیکۆسی پێرێز.
چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟
ئاڵۆنسۆ قسەی لەگەڵ کەسانی نزیک لە یانەکەی وەکو راوول گۆنزالێز کردووە، هەرچەندە بڕیارە دوای شەش وەرز، پۆستی راهێنەرایەتی تیمی دووەمی ریال مەدرید جێبهێڵێت. ئاڵۆنسۆ و راوول لە ساڵی 2018 پێکەوە بەشدارییان لە کۆرسی وەرگرتنی مۆڵەتی راهێنەرایەتی Bی ئەوروپا کرد و پەیوەندییەکی زۆر باشییان هەیە.
لە سەرەتای ساڵی 2024، یانەکانی وەکو لیڤەرپوول و بایرن میونشن لە دەرگای ئاڵۆنسۆیاندا، بەڵام راهێنەرەکە مانەوەی لە بایەر لیڤەرکوزن هەڵبژارد و ئەمە رێکەوت نییە، چونکە ئاڵۆنسۆ بڕیارەکەی بە ریال مەدرید گەیاندبوو و مەدریدیش ئاڵۆنسۆی وەکو بژاردەی کورت – مامناوەند مەودا هەڵبژاردووە.
پەیوەندی فەرمی نێوان ریال مەدرید و نوێنەرانی ئاڵۆنسۆ لە سەرەتای ئەمساڵ دەستیپێکرد. ئانچێڵۆتی ئاگاداری هەوڵەکانی ریال مەدرید بوو و تەواو نیگەرانیش بوو، بەڵام کارلۆ دەیزانی ئەمە بەشێکە لە بزنسەکە و رۆژێک کۆتاییدێت.
هەرچەندە پەیوەندییە فەرمییەکان سەرەتا لەڕێگەی ئاژانسی بێست ئۆف یو (Best Of You) بوو، بەڵام دواتر بزوێنەری سەرەکی گفتوگۆکان کەوتە دەست ئیناکی ئیبانێز، لە ئاژانسی IDUB.
ئاژانسی IDUB تۆمارێکی گەورەی لە راهێنەران هەیە، سەرپەرشتی کارەکانی راهێنەرانی وەکو میکێل ئارتێتا، ئاندۆنی ئیراولا، ئێرنێستۆ ڤالڤێردی و یاریزانانی وەکو مارتن زوبیمێندی دەکات. سەرەڕای کەمی مامەڵەی لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە، بەڵام ئاژانسەکە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی مەدرید هەیە.
ئاژانسی بێست ئۆف یوو، سەرپەرشتی کارەکانی بازرگانی ئاڵۆنسۆ دەکات، هەروەها کار لەگەڵ ئالڤارۆ ئاربێلۆوا و کاسێمیرۆش دەکات. ئۆسکار ریبۆت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسەکان، رۆڵێکی باڵای لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بەخۆڕایی لە پاریس سانجێرمانەوە بۆ مەدرید گێڕا.
ئاڵۆنسۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئاربێلۆوا و لویس یۆپیس، راهێنەری گۆڵپارێزانی ریال مەدرید دەستپێکرد و تاوتوێی بابەتەکەیان کرد.
هەموو شتێک تەواو یەکلاییبووەوە، کاتێک لیڤەرکوزن لە پشووی زستانەدا سەردانی ڤالدێبێباسی کرد و بۆ چەند رۆژێک مەشقیان لە ناوەندی مەشقەکانی ریال مەدرید کرد، تەنانەت کۆبوونەوەی نافەرمی لە نێوان ئاڵۆنسۆ و سانچێز (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مەدرید) روویدا.
هەڵوێستی بایەر لیڤەرکوزن لەگەڵ ئاڵۆنسۆ لە ئاستێکی پیشەیی زۆر بەرزدابوو. لە کۆتاییەکانی مارس/ئاداری رابردوودا، فێرناندۆ کارۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیڤەرکوزن رایگەیاند؛
رێککەوتنێکی پیاوانە لە نێوان ئێمە و ئاڵۆنسۆدا هەیە، ئەگەر ئەو یانەی پێشتر یاریی بۆ کردووە ئۆفەری پێشکەش بکات، ئەوا دادەنیشین و هیچ ئاستەنگێکی بۆ دروست ناکەین.
لە 9ی مایس/ئایار، ئاڵۆنسۆ لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، جێهێشتنی لیڤەرکوزنی دووپاتکردەوە و دواتر هاندەران رێزێکی بێوێنەیان لە ئەستێرە ئیسپانییەکە گرت.