بەدواداچوون؛ ئابڕووچوونێک سامپدۆریا لە دابەزین بۆ سێریا سی رزگار دەکات
ئیتاڵیا و ئابڕووچوون بوونەتە دوو رووی یەک دراو

یاریگا –
خەریکە گۆڕانکاری گەورە لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی سێریا بی (خولی پلەدوو)ی ئیتاڵیا دەکرێت.
دەستەی چاودێری تۆپی پێی ئیتاڵیا چەندین پێشێلکاری یانەی بریشیای ئاشکراکردووە، دەرەنجامەکە لەوانەیە کاریگەری لەسەر پلەبەندی ریزبەندەکە دروستبکات.
یەکشەممە و دوای تێپەڕبوونی پێنج رۆژ بەسەر یارییەکانی سێریا بی، دەستەی چاودێری تۆپی پێی ئیتاڵیا ‘کۆفیسۆک’ لەڕێگەی بڕیارێکی فەرمییەوە، کۆمەڵەی خولی ئیتاڵیای ئاگادارکردووەتەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بریشیا بکرێت و لە ئەگەری پشتڕاستبوونەوە لە پێشێلکردنی رێساکان، چوار خاڵ لە یانەکە کەمدەکرێتەوە.
لە ئەگەری پشتڕاستبوونەوەی تۆمەتەکان، چوار خاڵ لە بریشیا کەمدەکرێتەوە و سامپدۆریا کە پلەی 18می خوولەکەی بەدەستهێنا، دانابەزێتە خولی سێریا سی، بەڵکو بەگوێرەی یاساکانی خوولەکە، بەشداری لە پلەی ئۆفی دابەزین دەکات و یانەی فڕۆزینۆنی مانەوە لە سێریا بی مسۆگەر دەکات، بریشیاش هاوشانی سیتادێلا و کۆسێنزا کاڵچیۆ دادەبەزێتە سێریا سی (خولی پلەسێ).

بڕیاربوو یاریی پلەی ئۆفی دابەزین لە نێوان فرۆزینۆنی و سالێرنیتانا (خاوەن پلەی 16 و 17ی سێریا بی) بکرێت، بەڵام یارییەکە دواخراوە، تاوەکو کۆتا بڕیاری یاسایی لەسەر کەیسی بریشیا دەدرێت.
رۆژنامەی لا گازێتا دێلۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی 700 هاندەری بریشیا دوێنێ دووشەممە لە دژی ماسیمۆ چێلینۆ، سەرۆکی یانە و خاوەنی پێشووی یانەی لیدز یونایتد و یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا گربوونەوە. ئەمەش وایکرد دەزگاکانی ئەمنی هێز بۆ پاراستنی یانەکە لە دەوروبەری شوێنی مەشق و بارەگای سەرەکی یانەکە و ماڵی سەرۆکی یانەکە جێگیر بکەن.
بریشیا لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی دابەزینی بۆ سێریا سی، بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە؛
راپۆرتەکان مایەی نیگەرانین، چاوەڕێی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیاین لەبارەی بوونی گومان لە پێشێلکردنی یاساکانی خەرجی.
دووپاتیدەکەینەوە، پەنا بۆ دەستەی وەرزشی و نا وەرزشی دەبەین، تاوەکو مافەکانی خۆمان بپارێزین، چونکە یانەکەمان بە تەواوی پابەندی یاساکانی خەرجی ئیتاڵیا بووە.
𝗖𝗢𝗠𝗨𝗡𝗜𝗖𝗔𝗧𝗢 𝗨𝗙𝗙𝗜𝗖𝗜𝗔𝗟𝗘 📋
— Brescia Calcio BSFC (@BresciaOfficial) May 18, 2025
بریشیا لە وەرزی 2019-20 بۆ دواجار یاریی لە سێریا ئەی ئیتاڵیا کردووە، بەهۆی پێشێلکردنی خەرجی مووچە و پێدانی باج بە حکومەت لە فێبرایەر/شوباتی رابردوو، کەوتووەتە دۆخێکی نەخوازراو.
بەگوێرەی یاساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دوای تەواوبوونی وەرز، سێ یانە راستەوخۆ دادەبەزنە خولی سێریا سی، خاوەن پلەکانی 16 و 17 یاریی پلەی ئۆفی مانەوە دەکەن و دۆڕا، هاوشانی سێ یانەکەی دیکە دادەبەزێتە سێریا سی.
سێشەممەی رابردوو یارییەکانی سێریا بی تەواوبوون، دابەزینی یانەکانی کۆسێنزا (30 خاڵ)، سیتادێلا (39 خاڵ) و سامپدۆریا (41 خاڵ) یەکلاییبووەوە، یانەکانی فرۆسینۆنێ و سالێرنیتانا دوو یاریی چوون و گەڕانەوەی پلەی ئۆفی مانەوە بکەن.
بڕیاربوو دوێنێ دووشەممە یاریی چوونی پلەی ئۆفی مانەوە بکرێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بڕیاری یەکلاییکردنەوەی کەیسی بریشیا، یارییەکە دواخراوە.
سامپدۆریا هەرگیز لە مێژوودا یاریی لە سێریا سی نەکردووە، بەڵکو لە سەرەتای نەوەدەکان، یەکێک بوو لە باشترین یانەکانی ئەوروپا و پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی لە ساڵی 1991 بەدەستهێنا، کاتێک بە یانەی خەونەکانی بارسێلۆنا دۆڕا.
سامپدۆریا دووجار لەسەر یەک لە ساڵانی 1989 و 1990 گەیشتە یاریی کۆتایی جامی جامەکانی ئەوروپا و جارێک بووە پاڵەوان، لە ساڵی 1991 خولی ئیتاڵیای بردەوە.