یەکلاییبووەوە؛ کڵۆپ دوا بڕیاری لەسەر رۆمای ئیتاڵیدا
بەڕێوەبەری کارەکانی هەموو شتێک ئاشکرا دەکات

یاریگا –
درەنگانی دوێنێ دووشەممە، هەواڵی نزیکبوونەوەی یورگن کڵۆپ لە یانەیەکی ئیتاڵی وەکو برووسک بڵاوبووەوە.
نزیکەی ساڵێکە، کڵۆپ لە پۆستی راهێنەرایەتی دوورکەوتووتەوە، ئەمەش دوای وازهێنانی لە راهێنەرایەتیکردنی لیڤەرپوول و وەرگرتنی پۆستێکی کارگێڕی لە کۆمپانیای رێد بووڵ.
رۆژنامەی لا ستامپای ئیتاڵی، هەواڵی نزیکبوونەوەی کڵۆپی لە رۆمای ئیتاڵی بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای وازهێنانی کلاودیۆ رانیێری لە پۆستەکەی یانە ئیتاڵییەکە.
بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە، مارک کۆسیکێ، بەڕێوەبەری کارەکانی کڵۆپ لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی WinWin.com قسەیەکی جیاوازی کرد؛
هەواڵی نزیکبوونەوەی کڵۆپ لە رۆما راست نییە.
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە ئیتاڵییەکە بێت، کڵۆپ و سەرۆکی رۆما یەکشەممەی رابردوو کاتژمێر 22:57 بە کاتی رۆما رێککەوتنی کۆتاییانکردووە.
کڵۆپ ئێستا بەڕێوەبەری وەرزشی جیهانی کۆمپانیای رێد بووڵە، سەرپەرشتی یانەکانی لایپزیگ، براگانتینۆ، نیویۆرک رێد بووڵز، ئۆمیا، لیدز یونایتد و پاریس دەکات.
پێشتر کڵۆپ راهێنەرایەتی یانەکانی لیڤەرپوول، بۆڕووسیا دۆرتموند، ماینز و لاوانی فڕانکفورت کردووە.