عەمووتە رەتیکردەوە ببێتە راهێنەری عێراق و ئەمڕۆ لەبارەی چەند بژاردەیەکی دیکە بڕیار دەدرێت
چوار راهێنەر بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق بەربژێرن

یاریگا –
حوسێن عەمووتە لە دوایین ساتەکان رەتیکردەوە ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و ئەمڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی چوار بژاردەی دیکە کۆدەبێتەوە.
گەرچی هەموو شتێک یەکلاببووەوە و حوسێن عەمووتە نزیکبوو بۆ ماوەی ساڵێک ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا راهێنەرە مەغریبییەکە پەشیمان بووەوە و بە ‘چەند هۆکارێکی کەسی’ داوای لێبوردنی کردووە ئەرکی راهێنەرایەتی شێرەکانی رافیدەین بگرێتە ئەستۆ.
وابڕیاربوو دوێنێ سێشەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق گرێبەستی حوسێن عەمووتە راهێنەری یانەی جەزیرەی ئیماراتی رابگەیەنێت، بەڵام لە دوایین کاتژمێرەکاندا عەمووتە لە پەیوەندییەکی لەگەڵ عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، بەهۆی چەند هۆکارێکی تایبەت بە خۆی، داوای لێبوردنی کردووە و نابێتە راهێنەری هەڵبژاردەکە.
دوای ئەوەی عێراق لە عەمووتە بێ هیوابوو، وابڕیارە ئەمڕۆ لێژنەی هەڵبژاردەکان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی سێ بژاردەی دیکە کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەکە بکەن، هەریەکە لە هێکتۆر کوپەر راهێنەری ئەرجەنتینی، جەمال بلمازی راهێنەری جەزائیری، هێلیۆ سۆزا و کارلۆ کیرۆش راهێنەرانی پۆرتوگاڵی بەربژێرن بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری شێرەکانی رافیدەین.
عێراق چۆن دەگاتە مۆندیالی 2026؟
مۆندیالی 2026 بۆیەکەمجار بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ژمارەی کورسییەکانی هەر کیشوەرێک زیادی کردووە، پێشتر کیشوەری ئاسیا چوار بلیت و نیوی هەبوو، بەڵام بۆ مۆندیالی داهاتوو هەڵبژاردەکانی ئاسیا هەشت بلیت و نیویان دەبێت، واتە چانسی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال دوو هێندە زیادی کردووە.
لە سێ کۆمەڵەکەی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، پلەی یەکەم و دووەمی هەر کۆمەڵەیەک راستەوخۆ دەگەنە مۆندیال، بەڵام ئەگەر عێراق ئەو دوو پلەیەشی لە کۆمەڵەکەی بەدەست نەهێنا، هێشتا هیوابڕاو نابێت و دوو چانسی دیکەی دەمێنێت.
لە کۆمەڵەی دووەمی قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، عێراق بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لەدواوەی ئوردنی دووەم (13 خاڵ) دێت، کۆریای باشووریش بە 16 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، عێراق لە کۆمەڵەکەی دوو یاریی بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن ماوە، هەردوو یارییەکەی بباتەوە راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.
عێراق سەرەتای مانگی حوزەیران/یونیۆ واتە دوای دوو مانگی دیکە هەردوو یارییەکەی دەکات، رۆژی 5ـی یۆنیۆ لە بەسرە میواندارییەتی کۆریای باشوور دەکات، دواتر رۆژی 10ـی هەمان مانگ دەبێتە میوانی ئوردن.