
یاریگا –
ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکرێت، ئەندامانی دەستەی گشتی بڕیار لەبارەی چارەنووسی فیدراسیۆنەکەیان و زۆر بابەتی دیکەی هەستیار دەدەن، لەکاتێکدا فیفا رەتیدەکاتەوە دان بە ناوەندی چارەسەرکردن و دادگای وەرزشی عێراقیدا بنێت.
گەرچی پێشتر کەناڵی رابیعەی ریازی ئاشکرایکردبوو، ناوەندی چارەسەرکردن و دادگای وەرزشی بەهۆی سکاڵایەکەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە و دەستەیەکی کاتی دادەنرێت، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) بە نووسراوێکی فەرمی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە، تەنیا دەستەی گشتی دەتوانێت فیدراسیۆنی تۆپی پێ هەڵبوەشێنێتەوە، رەتیکردووەتەوە دان بە ناوەندی چارەسەرکردن و دادگای وەرزشی عێراقیدا بنێت.
ئەمڕۆ لە بەغدا بە ئامادەبوونی نوێنەری یانەکانی خولی ئەستێرەکان و خولی نایابی عێراق و لقەکانی فیدراسیۆنەکە، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز دەکرێت، کە لەوانەیە دوورخستنەوە یان سڕکردنی سەرۆک و ئەندامانی فیدراسیۆنی تۆپی پێێ عێراقی لێبکەوێتەوە، ئەمڕۆ بۆ ئەو دوو بەرەیەی لەنێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ململانێی یەکتری دەکەن، رۆژێکی چارەنووسساز دەبێت.
ئەمڕۆ دەستەی گشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەبارەی راپۆرتی دارایی و کارگێڕی دەنگ دەدات، کە جگە لەوەی یانەکانی خولی ئەستێرەکان و نایاب، لقی فیدراسیۆنەکە لە پارێزگاکە ئەندامی دەستەی گشتین و مافی دەنگدانیان هەیە.
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 هیوای لاواز بوو، خیسوس کاساس لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە، ململانێیەکان لەنێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق زیاتر تەشەنەی کرد و لایەنە ناڕازییەکان یەکترییان تۆمەتبار کرد و یەکترییان بە هۆکاری شکستی هەڵبژاردەکە هەژمار دەکرد.