مێسی یان مارادۆنا؟ راهێنەرە ئەفسانەییەکە وەلامی ئەم پرسیارە دەداتەوە

یاریگا –
ئۆسکار تابارێزی، راهێنەری ئەفسانەیی ئۆرۆگوای، لە نێوان لیۆنێل مێسی و دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتینییەکان باشترینی دەست نیشان کرد.
مشتومڕ لەسەر “کێ باشترین یاریزانی تۆپی پێ لە مێژوودا؟” “لیۆنێل مێسی یان دیێگۆ مارادۆنا؟” تا ئێستاش لە تۆپی پێی ئەرجەنتین گەرمە و زۆر کەسایەتی دیار بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەربڕیوە. لەم نێوەندەدا ئۆسکار تابارێز ناسراو بە “ئێل مایسترۆ” (مامۆستا) وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە.
راهێنەرە ئەفسانەییەکەی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کە ساڵانێکی زۆر سەرکردایەتی لا سێلێستی کردبوو، لێدوانێکی لەسەر ئەو پرسە دا کە سەرنجی هەموو جیهانی تۆپی پێی بەلای خۆیدا راکێشا. بێ دوودڵی، لە وەڵامێکی کورتدا بۆ پرسیارێکی نێوان مارادۆنا و مێسی، لیۆنێل مێسی وەک باشترین یاریزانی مێژوو هەڵبژارد.
تابارێز “لیۆ”ی بە باشترین یاریزانی هەموو سەردەمێک دانا و گوتی:
یاریزانێکی خەیاڵییە، یەکێکە لە باشترین یاریزانەکان کە لە مێژووی تۆپی پێدا بینیومانە. “نامەوێت زیاتر باسی ئەم بابەتە بکەم، چونکە دووبارەیە”.
تابارێز کە لە ساڵی 2006 تاوەکوو ساڵی 2021 سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کردووە توانی لە ساڵی 2011 نازناوی کۆپا ئەمێریکا بەدەست بهێنێت و 188 یاریی سەرکردایەتی لاسێلێستێی کردووە و لە دیاریترین یانەکانیش راهێنەرایەتی ئەیسی میلانی ئیتالی لە کاروانی وەرزشیدا دەبینرێت.