
یاریگا –
جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری فەنەرباچێ بۆ ماوەی سێ یاریی سزادرا.
چەند رۆژێکە مۆرینیۆ، راهێنەری فەنەرباچێ بووەتە جێی سەرنجی میدیاکان، ئەمەش دوای دۆڕانی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی تورکیا بە گاڵاتەسەڕای و هێرشکردنە سەر ئۆکان بوڕووک، راهێنەری گاڵاتەسەڕای.
دوای تەواوبوونی یارییەکە، دەمەقاڵی لە نێوان مۆرینیۆ و بورووک دروستبوو، دوای دوورکەوتنەوەی راهێنەرەکەی گاڵاتەسەڕای، مۆرینیۆ پەنجەی بۆ لووتی بورووک برد و ئەمەش کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا.
یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، مۆرینیۆی بۆ ماوەی سێ یاریی و شەش هەزار پاوەند سزادا.
بەگوێرەی بەیاننامەی یەکێتییەکە بێت، مۆرینیۆ نابێت بچێتە ژووری جلگۆڕین و شوێنی یەدەکی یاریزانان.
مۆرینیۆ لە یارییەکانی بەرامبەر ترابزۆن سپۆر، سیڤاس سپۆر و کەیسەری سپۆر بێبەش دەبێت.
فەنەرباچێ بە جیاوازی شەش خاڵ و یارییەک کەمتر لەگەڵ گاڵاتەسەڕای، لە پلەی دووەمی سوپەرلیگی تورکیایە.
بەر لە بڕیاری یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، گاڵاتەسەڕای بەیاننامەیەکی توندی لە دژی مۆرینیۆ بڵاوکردەوە و بە شێواندنی تۆپی پێی تورکیای تۆمەتباری کرد.
هەرچەندە راهێنەری تیمی رکابەر بۆ بەرەوپێشخستنی تۆپی پێی تورکیا هاتبوو، بەڵام لە هەشت مانگی رابردوودا، زیانێکی زۆری بە تۆپی پێی تورکیا گەیاندووە، لە جیاتی ئەوەی داوای لێبووردن بکات، هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە، هەرچەندە ئەم کەسە لە نێو کۆمەڵگەی تۆپی پێی نێودەوڵەتیدا کردەوەی لەم شێوەیەی هەبووە.
داوای لێبووردن دەکەین بۆ دەرکردنی ئەم بەیاننامەیە، چونکە پێدەچێت گاڵتە بە ژیری کۆمەڵگەی تۆپی پێی تورکیا بکات.
خودا هیچ کەسێک ناچار بە بەرگریکردن لەم هێرشە ناڕەوایە بۆ سەر وەرزش ناکات، چونکە لەبەرچاوی هەموو خەڵک روویدا. هەست بە شەرمەزاری دەکەین.
🚨🚨 Fenerbahçe manager Jose Mourinho to Galatasaray manager Okan Buruk. 😳👃 pic.twitter.com/BF7hk23AFF
— EuroFoot (@eurofootcom) April 2, 2025