زۆرترین کارتی زەرد لە یارییەکی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بە رووی یاریزانان بەرزکرایەوە
رانیە لە مەترسیدایە

یاریگا –
زۆرترین رێژەی کارتی زەرد لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان لە یاریی نێوان پیشەسازی و شەقڵاوە بەرزکرایەوە.
لە گەڕی 24ـی خولی نایابی کوردستان، پیشەسازی لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 2 لەگەڵ شەقڵاوە یەکسان بوو، خاڵێک بۆ هەر دوو یانە وەک شکست بوو چونکە لە ناوچەی دابەزینن، لەم یارییەدا 13 کارتی زەرد و دوو کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانەوە بەرووی یاریزاناندا بەرزکرایەوە، ئەم رێژەیە زۆرترین رێژەی بەکارهێنانی کارتە کە لە یارییەکی ئەم وەرزەی خولی کوردستان بەرزبکرێتەوە، پیشەسازی بە 25 خاڵ هاتە ریزبەندی 12ـەم و شەقڵاوەش بە 19 خاڵ لە ریزبەندی 14ـەو کۆتایی مایەوە.
هەندرێن لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و قوربانی ئەمجارە رانیە بوو کە 1 _ 0 لێیبردەوە، هەندرێن تاکە یانەیە لە قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستان شکستی نیە و حەفت سەرکەوتن و شکستێکی هەیە، هەندرێن 35 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولەکەیە، رانیە لە ناوچەی مەرترسی دابەزین بۆ ریزی پلە یەکە و بە 26 خاڵ لە ریزبەندی 11ـەم دێت.
وێڕای هێنانی راهێنەری نوێ، رزگاری نەیتوانی سوود لە یاریگای خۆشی وەربگرێت و بە ئەنجامی 1 _ 1 لەگەڵ ئاکرێ یەکسان بوو، رزگاری بە 29 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمە و دەربەندیخانیش بە 30 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولی نایابی کوردستان دێت.