رزگاری لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری نوێ یەکەم یاریی خۆی دەکات و ئامانجی تیپەکەش ئاشکراکرا
پیشەسازی و شەقڵاوە یاریی کێبڕکێی مانەوە لە نایاب دەکەن

یاریگا –
رزگاری لە ژێر سەرپەرشتی راهێنەری نوێ لە یاریگای خۆی یاریی دەکات و ئامانجیشیان مانەوەیە بۆ ئەم وەرزە بە شایستەیی.
دوای وەستانی بۆ چەند رۆژێک بەهۆی بەرێوەچوونی یارییەکانی جامی هەرێمی کوردستان، لە گەڕی 24ـی خولی نایابی کوردستان هەینی ( 28ـی ئاداری 2025) رزگاری لە یاریگای خۆی بەرامبەر ئاکرێ یاریی دەکات، یەکەم یاریی رزگاریە لە ژێر سەرپەرشتی هۆگر عەبدوڵای راهێنەر و کە مانەوەی تیپەکە بە شایستەیی لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان ئامانجی سەرەکی و مەرجی نێوان راهێنەری نوێ و دەستەی کارگێڕی تیپەکەیە.
رزگاری حەفت یارییە لە خولی نایابی کوردستان سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە، جگە لە شکستی بەرامبەر زاخۆش لە جامی هەرێمی کوردستان، رزگاری 28 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەمی خولەکە دێت، ئاکرێی پاڵەوانی وەرزی رابردووش بە 30 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان دێت.
پیشەسازی لە یاریگای خۆی رووبەرووی شەقڵاوە دەبێتەوە، ئەم یارییە کێبڕکێی مانەوە لە خولی نایاب بۆ ئەو تیپە بەهێز دەکات کە ئەمڕۆ سەرکەوتن بەدەست دێنێت، شەقڵاوە 13 یارییە تامی سەرکەوتنی نەکردووە کە نۆ یەکسان بوون و چوار شکستی هەیە و بە 18 خاڵ لە ریزبەندی 14ـەو کۆتایی خولەکە دێت، پیشەسازیش 24 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 13ـەی خولی نایابی کوردستان دێت.
هەندرێن لە یاریگای خۆی بەرامبەر رانیە یاریی دەکات، هەندرێن حەفت یارییە لە خولەکە شکستی نەهێناوە شەش سەرکەوتن و یەکسان بوونێکی هەیە و پاڵەوانی قۆناخی دووەمی خولی نایابی کوردستانە و بە 32 خاڵیش لە ریزبەندی چوارەم دێت، رانیە بۆ دەربازبوون لە ناوچەی دابەزین یاریی دەکات کە ئێستا 26 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 11ـەی خولی نایابی کوردستان دێت.