
یاریگا –
پرێمەرلیگ بە فەرمی داوایەکی لیڤەرپوول و ئێڤەرتنی رەتکردەوە.
بریارە یاریی دێربی مێرسیساید لە 2ی مانگی داهاتوو لە ئانفیڵد بکرێت. رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، هەردوو یانە داوای گۆڕینی رێکەوتی یارییەکەیان لە پرێمەرلیگ کردبوو.
ئێڤەرتن لە دوای لیڤەرپوول بەرامبەر ئارسیناڵ یاریی دەکات و داوای یەک رۆژ ئامادەکاری زیاتری لە پرێمەرلیگ کردبوو، ئەمەش بە دڵی لیڤەرپوول بوو و پاڵپشتی داواکارییەکەی ئێڤەرتنی کرد.
لیڤەرپوول بە جیاوازی 12 خاڵ پێشەنگی پرێمەرلیگە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دێوەزمەی دەرکرانیان لە چامپیۆنزلیگ و لەدەستدانی جامی کاراباو لە بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد دەرباز نەبوون.
لە یاریی چوونی ئەم وەرزەی دێربی مێرسیساید، هەردوو یانەکە 2-2 یەکسانبوون، دوای ئەوەی جەیمس رافۆڤسکی، لە دوا خوولەکی یارییەکە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ تۆفیز کرد و ئەوەش دوا یاریی مێرسیساید بوو لە یاریگای گوودیسن پارک.