
یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی گینس بۆ لیستی خەڵاتەکانی زیاد بکات.
رۆناڵدۆ لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا جارێکی دیکە ژمارەیەکی پێوانەیی لە تۆپی پێی نێودەوڵەتی تۆمارکرد، دوای ئەوەی پۆرتوگال بە ئەنجامی 5-1 لە پۆڵەندای بردەوە، کاپتنی تیپەکە کە هەمیشە لە کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانیدا دەدرەوشێتەوە، توانی دوو گۆڵ لە یارییەکەدا تۆماربکات.
براوەی پێنج خەڵاتی باڵۆن دۆر، دوای کۆتاییهاتنی ئەم یارییە بووە ئەو یاریزانەی زۆرترین سەرکەوتنی لە پاڵەوانێتییە نیشتمانییەکاندا بەدەستهێناوە. توانی ئەم ئامارە بەدەستبهێنێت و 132 بردنەوە بە ناوی خۆیەوە بکات. ئەم ژمارە پێوانەییە پێشتر لەلایەن سێرخیۆ رامۆس هاوڕێی پێشووی ئەو ئەستێرە پورتوگالییە لە ریال مەدرید بوو.
View this post on Instagram
دوێنێ شەویش، بەر لە دەستپێکی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی نەتەوەکان بەرامبەر دانیمارک لە یاریگای خۆسێ ئەلڤالاد، کریستیانۆ بە فەرمی رێزلێنانی ژمارەی پێوانەیی گینسی پێشکەش کرا و دووپاتیان کردەوە کە ئەو یاریزانە زۆرترین سەرکەوتنی لە پاڵەوانێتییە نیشتمانییەکاندا بەدەستهێناوە، ئەمەش ریکۆردێکی دیکەی بۆ ریکۆردەکانی زیادکرد.
هەروەها رۆناڵدۆ خاوەنی ژمارەی پێوانەیی تری گینسە، لەوانە: زۆرترین گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردە، یەکەم یاریزان کە لە چامپیۆنزلیگدا بگاتە 100 گۆڵ، هەروەها ئەو کەسایەتییەی زۆرترین فۆڵۆوەرسی لە ئینستاگرام هەیە.