
یاریگا –
فیۆرێنتینا لەلایەن سێریا ئەی سزادرا، ئەمەش بەهۆی هوتاف و تیفۆی هاندەران، بەر لە یاریی رابردوویان بەرامبەر یوڤێنتوس.
لە یاریی نێوان هەردوو یانەکە کە بە سەرکەوتنی ڤیۆلا 3-0 تەواوبوو، هاندەرانی فیۆرێنتینا بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە تیفۆیەکی گەورەیان بەرزکردەوە و لەسەری نووسرابوو ‘Juve Merda’ بە واتای ‘یوڤێ گو**’، ئەمە جیا لە ئاڕاستەکردنی چەندین هوتافی ناشیاو بەرامبەر کۆمەڵێک یاریزانی بیانکۆنێری.
هاندەرانی فیۆرێنتینا سێ بۆمبی هەواییان ئاڕاستەی شوێنی هاندەرانی یوڤێنتوس کرد، بۆیە سێریا ئەی بڕیاریدا یانەکە بەبڕی 50 هەزار یۆرۆ سزابدات.
دوسان ڤلاهۆڤیچ، هێرشبەری یوڤێنتوس یەکێکبوو لە ئامانجە سەرەکییەکانی هاندەرانی فیۆرێنتینا، چونکە پێشتر دوسان هێرشبەری یانەکەبوو و لە ساڵی 2022 پەیوەندی بە یوڤێ کرد.
یوڤێنتوس وەرزێکی ناجێگیر لە سێریا ئەی بەڕێدەکات و ئەگەرەکانی بەدەستهێنانی یەکێک لە چوار پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی کەمبووەتەوە. لەسەر ئاستی چامپیۆنزلیگیش، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە ئایندهۆڤن دۆڕا و ئێستا بەکۆکردنەوەی 52 خاڵ لە پلەی پێنجەمی سێریا ئەی دێت، بە جیاوازی خاڵێک لەگەڵ بۆڵۆنیا.
لە 30ی ئەم مانگە فیۆرێنتینا رووبەڕووی ئاتاڵانتا دەبێتەوە و یوڤێنتوسیش لە 29ی ئەم مانگە بەرامبەر جێنوا یاریی دەکات.