ئینگلتەرا

وەین روونی: لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەیەکی دیکە نزیکبووم

Yariga App

یاریگا –

وەین روونی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئاشکرای کرد کە نزیک بووە لەوەی درێسی هەڵبژاردەی ئێرلەندا لەبەر بکات.

روونی لە پۆدکاستی رۆژنامەی The Overlap ئاشکرای کرد کە لە ساڵی 2003 میک مەکارتی، راهێنەری ئەوکاتی ئیرلەندا پەیوەندی پێوەکرد تاوەکوو وەفاداری بۆ ئیرلەندا بنوێنێت و لە داهاتوو یاریی بۆ ئەو وڵاتە بکات. ئەو یاریزانە لەڕێگەی باوکیەوە کە بە رەچەڵەک ئێرلەندییە، پێشوازی لە بیرۆکەکە کرد بەڵام دوای ئەوەی تەنیا جێگەیەکی لە تیپی خوار 21 ساڵانی ئێرلەندا پێشکەشکرا، پێشنیارەکەی رەتکردەوە.

سەبارەت بەم بابەتە رۆنی گوتی:

هەڵبژاردەی دڵخوازی من ئیرلەندا بوو. میک مەکارتی کاتێک تەمەنم 16 ساڵ بوو تەلەفۆنی بۆ کردم. لەگەڵ لی کارسلی قسەم کرد و ئەویش لەگەڵ میک قسەی کرد. خەریک بوو ئامادە بووم بۆ ئەوەی دریسی ئیرلەندا بپۆشم، بەڵام گوتیان دەیانەوێت بۆ هەڵبژاردەی خوار 21 ساڵانی ئێرلەندا بانگهێشتم بکەن. منیش گوتم یاری بۆ تیپی خوار 21 ساڵان ناکەم، ئەگەر منتان دەوێت ئەوا بۆ تیپی یەکەم بانگهێشتم بکەن! پاشان ئەوە رووی نەدا و یارییم بۆ ئینگلتەرا کرد.

لە ماوەی ژیانی وەرزشی نێودەوڵەتیدا کە 15 ساڵی خایاند، روونی خۆی وەک یەکێک لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژووی ئینگلتەرا جێگیر کرد. یاریزانە پێشووەکەی مانچێستەر یونایتد کە ئێستا راهێنەرە، 120 یاریی نیشتیمانی کردووە و لە پلەی دووەم زۆرترین یاریی نیشتیمانی بۆ وڵاتەکەی دێت و خاوەنی 53 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەیەتی، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بوو تاوەکوو ساڵی 2023 کە هاری کەین ریکۆردەکەی تێپەڕاند و شازادە ئێستا خاوەنی 69 گۆڵی نیشتمانییە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button