ئەمڕۆ خاک چاوی لە شۆرجەی هاوشاریەتی بۆ ئەوەی بچێتە نایابی کوردستان
دوایین گەڕی خولی پلە یەکی کوردستان دەکرێت و ناسنامەی دوو یانە سەرکەوتووەکەی ریزی نایاب ئاشکرا دەبێت

یاریگا –
خاکی شاری کەرکوک ئەمڕۆ چاوی لە هاوکاری شۆرجەی هاوشاریەتی تا بۆ ریزی نایابی کوردستان سەرکەوێت.
دووشەممە ( 17ـی ئاداری 2025 ) گەڕی 15ـەو دوایین یاریی ئەم وەرزەی خولی پلە یەکی کوردستان بەرێوەدەچێت، ململانێی سەرکەوتن بۆ ریزی نایابی کوردستان لە نێوان یانەکانی قەڵادزێ و هەڵۆ و خاک و زانکۆی جیهاندایە، هیچ یانەیەک پێش دوایین گەڕ سەرکەوتنی مسۆگەر نەکردووە.
خاک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر کفری یاریی دەکات، خاک بە 27 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمە و کفریش بە 11 خاڵ لە ریزبەندی 14ـەم دێت، وێڕای ئەوەی خاک دەبێ سەرکەوتن تۆمار بکات دەبێت چاوێکی لە شارەکەی خۆی بێت تاوەکو شۆرجەی هاوشاری سەرکەوتن بە سەر قەڵادزێ تۆمار بکات و خاک بگەیەنێتە ریزی نایابی کوردستان.
قەڵادزێ لە سەرجەم یانەکان نزیکترە بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوو بگاتە ریزی نایابی کوردستان، قەڵادزێ 30 خاڵی هەیە و لە سەرووی ریزبەندی یانەکان دێت، بۆ یارییەکەی بەرامبەر شۆرجە تەنها پێویستی بە یەک خاڵە بەبێ چاوەڕوانکردنی ئەنجامی یارییەکانی تر دەگاتە ریزی نایابی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.
لە یارییەکی پڕ لە رکابەریدا، هەڵۆ لە یاریگای خۆی رووبەرووی زانکۆی جیهان دەبێتەوە، هەر دوو یانە هیوای گەیشتنیان بە ریزی نایابی کوردستان هەیە بۆ وەرزی داهاتوو، هەڵۆ کە 28 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی دووەم دێت، بە سەرکەوتن لەم یارییە دەگاتە ریزی نایاب بەبێ چاوەڕوانکردنی هیچ ئەنجامێکی یانەکانی تر، زانکۆی جیهان بە دوو ئەگەر دەگاتە ریزی نایاب، زانکۆی جیهان پێویستە لە هەڵۆ بباتەوە کفریش لە خاک بباتەوە ئینجا دەگاتە ریزی نایاب، زانکۆی جیهان 25 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەمی خولی پلە یەکی کوردستان دێت.