
یاریگا –
ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ و بەشدار لە خولی ئینگلیزیی مەترسیەکی گەورەی لەسەرە کە بۆ هەمیشە لە یاریکردن سڕبکرێت.
لوکاس پاکوێتا، کە ئێستا لە یانەی وێستهام یونایتدە، تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی گرەوکردنی دراوەتەپاڵ و لە بەردەم سزایەکی چاوەڕوانکراودایە.
چیرۆکەکە:
رۆژنامەی گاردیانی ئینگلیزی لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو بڵاویکردەوە کە ئەو یاریزانە لە یاریی نێوان یانەکەی و ئاستۆن ڤیلا لە مانگی مارسی هەمان ساڵ لە خولەکی 24ی نیوەی دووهەمدا کارتێکی زەردی وەرگرتووە، پاشان دەرکەوتووە چەند رۆژێک بەر لەو یارییە لە یەک کاتدا چەند کەسێکی نزیک لەو یاریزانە هەژماریان لە ماڵپەڕەکانی گرەوکردن دروست کردووە و سەرجەمیان بە زۆرترین پارەی رێگەپێدراو گرەویان لەسەر ئەوە کردووە، .پاکوێتا لەو یارییەدا کارت وەردەگرێت.
ئەم مانگە بۆ ناوەراستکارە بەڕازیلییەکە یەکلاکەرەوە دەبێت بەوپێیە وادەی دادگاییکردنەکەیەتی.
رۆژنامەی مەیڵ سپۆرتی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە کە ئەگەر ئەو پاکوێتا شکست بهێنێ لە هەوڵەکانی بۆ رەتکردنەوەی تۆمەتەکانی سەری کە لەلایەن دەزگا پەیوەندییدارەکانی تۆپی پێی ئینگلیزیەوە لەسەری تۆمارکراوە، ئەوا ناوبراو بۆ هەمیشە لە یاریکردن سڕدەکرێت.
لوکاس لەوەتەی ساڵی 2022 لە یانەی لیۆنی فەڕەنسیەوە وەک گرانبەهاترین گرێبەستی وێستهام (51 ملیۆن پاوەند) روویکردووەتە ئەو یانە ئینگلیزییە، 100 یاریی ئەنجامداوە و یەکێکە لە رەگەزە دیارەکانی هەر راهێنەرێکی هەمەرز. بەڵام ساخبوونەوەی ئەو تۆماتانەی تایبەت بە گرەوکردن دراوەتەپاڵی، رەنگە خۆری ناوبراو بە یەکجاریی لە ئینگلتەرا ئاوابکەن.