
یاریگا –
ئارسیناڵ پلانی بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی یارییەکانی وەرزی داهاتووی داڕێشتووە.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئارسیناڵ بەنیازە نرخی بلیتی یارییەکانی وەرزی 2025-26 بەڕێژەی 3.7% بەرزبکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی رکابەرانی ئارسیناڵ بڕیاری هێشتنەوەی نرخەکانیان وەکو خۆی داوە.
یانەکەی باکووری لەندەن دووپاتیدەکاتەوە، بڕیارەکەی بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی هاندەران داوە و ئەڵتڕاسی یانەکە، تایبەتمەندی خۆیان دەبێت، ئەمەش دوای نامەیەکی کراوەی یەکێتیی هاندەرانی تۆپی پێ بۆ پرێمەرلیگ، کە تیایدا داوای هێشتنەوەی نرخەکانیان وەکو خۆی کردبوو.
ئارسیناڵ چەندین هۆکاری بۆ بەرزکردنەوەی بەهای بلیتەکان دەستنیشانکردووە، لەوانە زیادبوونی مووچەی یاریزانان بەراورد بە وەرزەکانی رابردوو، بەڵام کڕینی بلیتی یەک وەرز کە لە 19 یاریی پێکدێت، بەراورد بە وەرزی رابردوو 386 پاوەند هەرزانترە.
گەنەرز هەزار بلیتی بەخۆڕایی بۆ وەرزی داهاتوو تەرخانکردووە، چونکە وەرزی داهاتوو تەمەنی کۆمەڵگەی هاندەرانی یانەکە دەبێتە 40 ساڵ و بەو بۆنەیەوە بڕیاریداوە هەزار بلیتی بەخۆڕایی ئامادەبکات.
گروپی هاندەرانی لیڤەرپوول لە نامەیەکی کراوەدا، هۆشداری بەرزکردنەوەی بەردەوام نرخی بلیتی یارییەکانیانداوە. لە نامەکەدا کە ئاڕاستەی دەستەی کارگێڕی یانەکە کرابوو و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی شوێنی هاندەرانی ‘کۆپ’ی دابوو. ئەمەش وایکرد لیڤەرپوول نرخی بلیتی وەرزی داهاتوو وەک خۆی بهێڵێتەوە.
لە نۆڤێمبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، هاندەرانی یانەکانی لیڤەرپوول، ئێڤەرتن، مانچێستەر یونایتد و مانچێستەر سیتی خۆپیشاندانی فراوانیان بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی بلیتی یارییەکان کرد و لە ئەنجامدا، تەواوی یانەکان بڕیاری چەسپاندنی نرخی بلیتەکانی وەکو خۆیدا.