شەقڵاوە لە خولی نایابی کوردستان بەردەوام دەبێت؟

یاریگا –
چەند رۆژێک بەر لە ئێستا دەنگۆی کشانەوەی شەقڵاوە لە خولی نایابی کوردستان بڵاوبوویەوە.
دوای شکستەکەیان بەرامبەر زاخۆ لە گەڕی 18ـەی خولی نایابی کوردستان، یاریزانانی شەقڵاوە بریاریاندا بایکۆتی مەشقەکان بکەن، سەرۆکی یانەکەش بە سەرجەم یاریزانانی راگەیاند ئازادن و دەتوانن تەنها رۆژی یارییەکان ئامادەبن بەبێ هیچ مەشقێک، تاوتوێی کشانەوەش دەکەن بەر لە یاریی گەڕی 19ـەی خولەکە بەرامبەر شێروانە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی چەند رۆژێک بەر لە ئێستا یاریزانانی شەقڵاوە دوو مووچەیان بەسەر یەکەوە وەرگرتووە، بۆیە یانەکەی بناری سەفین تاڕادەیەک کێشەی دارایی چارەسەر کردووە و تا ئێستا بەردەوام دەبن لە خولەکە و یاریزانەکانیش بە تەواوی مەشقەکانی خۆیان دەکەن.
شەقڵاوە بە راهێنەرایەتی مستەفا بابازادەی ئێرانی 15 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـەی خولی نایابی کوردستان دێت، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەرووی دەربەندیخان دەبێتەوە.