قەڵادزێ نزیکە لە گەیشتن بە خەونە گەورەکەی هاندەرانی
حەفت یانە هەوڵی سەرکەوتن بۆ ریزی نایابی کوردستان دەدەن

یاریگا –
دوای سەرکەوتنی لە یارییەکەی ئەمڕۆ، قەڵادزێ نزیکە خەونە گەورەکەی هاندەرانی بێنێتەدی.
لە گەڕی 12ـەی خولی پلەیەکی کوردستان، قەڵادزێ لە بەردەم هاندەرانی خۆی بە ئەنجامی 2 _ 1 لە سێمێلی بردەوە، وێڕای دواکەوتنی قەڵادزێ بە گۆڵێک لە سەرەتای یارییەکە دواتر توانیان دوو گۆڵ تۆمار بکەنەوە، بەم سەرکەوتنە قەڵادزێ هەنگاوێکی باشی نا بۆ گەیشتن بەریزی نایاب لە وەرزی داهاتوو کە ئێستا 24 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی یەکەمی خولەکە دێت.
قەڵادزێ سێ یاریی ماوە بەرامبەر یانەکانی تەناهی و کفری و شۆڕجەیە، بە دوو سەرکەوتن و یەکسان بوونێک بەبێ ئاوڕدانەوە لە ئەنجامی یارییەکانی تر ئەوا راستەوخۆ سەردەکەوێت بۆ ریزی نایابی کوردستان لە وەرزی داهاتوو، بەمەش له ئەگەری مانەوەی رانیە و چوارقوڕنە لە نایاب ئەوا وەرزی داهاتوو دەڤەری راپەرین سێ نوێنەری دەبێت لە نایابی کوردستان.
هەڵۆ دوای بردنەوەی لە رواندز لە دەرەوەی یاریگای خۆی 2 _ 0، ریزبەندی دووەمی لە خاک وەرگرتەوە و ئامانجیان گەیشتنە بەریزی نایابی کوردستان، حەفت یانە لە سێ گەڕی کۆتایی کێبڕکێی سەرکەوتن دەکەن بۆ ریزی نایاب ئەوانیش یانەکانی قەڵادزێ ، هەڵۆ ، خاک ، زانکۆی جیهان ، بازیان ، سۆران ، چەمچەماڵن.
ریزبەندی یانەکان لە خولی پلەیەکی کوردستان دوای تێپەڕبوونی 12 گەڕ لە یارییەکانی.