ئەستێرەی یاریگا؛ ئەمیر فەرحان باشترین یاریزانی گەڕی نۆزدەمی خولی نایابی کوردستان بوو
لە یاریی هەولێر و برایەتی دوو گۆڵی کرد

یاریگا –
ئەمیر فەرحان هێرشبەری برایەتی بە باشترین یاریزانی گەڕی نۆزدەمی خولی نایابی کوردستان دەستنیشانکرا، کە هەفتانە تۆڕی وەرزشی یاریگا باشترین یاریزانی هەر گەڕێکی خولەکە هەڵدەبژێرێت.
ئەمیر فەرحان هێرشبەری 25 ساڵانی یانەی برایەتی باشترین یاریزانی گەڕی نۆزدەمی خولی نایابی کوردستان بوو، لە یاریی بەرامبەر هەولێر لە یاریگای فڕانسۆ هەریری دوو گۆڵی کرد، لە خولەکەکانی 7 و 37 دوو گۆڵی لەسەریەکی کرد کە برایەتی ئەو یارییەی 4-1 بردەوە.

ئەمیر فەرحان هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی برایەتی کرد، پێشتر لە ریزی یانەکانی قاسم و گازی باکوور و کۆیە یاریی کردووە و ئەم وەرزە لە خولی نایابی کوردستان 3 گۆڵی کردووە، جگە لەو دوو گۆڵە لە یاریی بەرامبەر شەقڵاوەش گۆڵێکی کردبوو.
برایەتی بەو بردنەوەی بووە خاوەنی 24 خاڵ و هاتە پلەی چوارەمی خولی نایابی کوردستان، ئەمیر فەرحان لە باشترین پێکهاتەی قۆناخی یەکەمی خولەکەدا بوو کە تۆڕی وەرزشی یاریگا دەستنیشانی کرد و کاردی یاریگای بەو یاریزانە لاوە دا.