یاریزانانی پیشەسازی قبوڵ ناکەن راهێنەرەکەیان وازبهێنێت
کەی چارەنووسی مەولود رەمەزان یەکلایی دەبێتەوە؟

یاریگا –
یاریزانانی پیشەسازی سەردانی ماڵی راهێنەرەکەیان دەکەن و پێی رادەگەیەنن کە قبوڵ ناکەن واز لە ئەرکەکەی بهێنێت.
دوای ئەوەی دوێنێ مەولود رەمەزان راهێنەری پیشەسازی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی دەستەی کارگێڕی یانەکە کرد، ئەمڕۆ راهێنەرەکە نە چۆتە مەشقەکانی تیپەکە و سەرجەم یاریزانەکانیش سەردانی ماڵی راهێنەرەکەیان کردووە و پێیان راگەیاندووە کە نابێ وازبهێنێت و دەبێ بگەڕێتەوە ئەرکەکەی، یاریزانەکان بەڵێنیان مەولود رەمەزان داوە کە ئەوەی لە توانایان بێت پێشکەش دەکەن.
مەولود رەمەزان دەربارەی گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی تیپەکە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند:
دوای ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی تیپەکە بریارمدا دەست لەکاربکێشمەوە، ئەمڕۆ دوای هاتنی یاریزانەکان بە وردی هۆکاری واز هێنانەکەم بۆ شیکردنەوە بەڵام تا ئێستا بەڵێنی گەڕانەوەم نەداوە بۆ راهێنەرایەتی تیپەکە، هەرچەندە یاریزانەکان بەڵێنی بەخۆداچوونەوەیان کردووە، سبەی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە گفتوگۆ دەکەم و دوایین بریار لە بارەی داهاتووی خۆم دەدەم.
وەرزی رابردوو بە راهێنەرایەتی مەولود رەمەزان، یانەی پیشەسازی بەبێ شکست گەیشتە ریزی نایابی کوردستان، ئەم وەرزەش یانەکە بە 20 خاڵ لە ریزبەندی 11ـەمی خولی نایابی کوردستان دێت.
وێنە: سەردانی یاریزانانی پیشەسازی بۆ ماڵی مەولود رەمەزانی راهێنەریان.