کوردستان

بۆ رزگار بوون لەو دۆخەی تێیکەوتووە، شەقڵاوە داوای بە هاناوە چوون دەکات

100 رۆژە یاریزانانی شەقڵاوە مووچەیان وەرنەگرتووە

Yariga App

یاریگا –

شەقڵاوە بۆ رزگار بوون لە دۆخی دارایی  داوای بە هاناوەچوون دەکەن و دەڵێن ئەرکی سەر شانمان قورسە تکایە هاوکاریمان بکەن.

دوای یەکسان بوونیان بەرامبەر برایەتی لە گەڕی 16ـەی خولی نایابی کوردستان، یاریزانانی شەقڵاوە باسیان لە خراپی دۆخی دارایی تیپەکە کرد و ئەمەش سەرۆکی یانەکەی ناچار کرد بێتە دەنگ و باس لە دۆخی تیپەکە بکات، عوسمان محەمەد سەرۆکی یانەی شەقڵاوە دەڵێت یاریزانەکانمان 100 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەوان دڵسۆزانە بۆ یانەکەیان یاریی دەکەن و لە خراپی دۆخی ئەوان تێدەگەین.

سەرۆکی یانەی شەقڵاوە دەڵێت داوا دەکەین بە هانامانەوە بێن چونکە ئەرکی سەر شانمان زۆر قورسە، وێڕای ئەوەی سێ مانگ زیاترە مووچەمان نەداوە کۆڵێک قەرزیشمان لە سەرشانە، هیچ کەس و لایەنێک ئاوڕی لە ئێمە نەداوەتەوە و هاوکاری نەکراوین، تکایە لە پێناو ناوی شەقڵاوە یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی مافی ئەم یاریزانانە بدەین، ئێمەش دەمانتوانی بەشداری خولەکە نەکەین بەڵام لەبەر خۆشەویستیمان بۆ شەقڵاوە و ناوەکەی و هاندەرانی لە خولی نایابی کوردستان بەردەوام بووینە.

بە تێپەڕ بوونی 16 گەڕ لە یارییەکانی، شەقڵاوە 14 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـەی خولی نایابی کوردستان دێت، گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر زاخۆ یاریی دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button