
یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی لە ئاستی خاکۆبۆ رامۆن رازییە و پاڵپشتی دەکات.
شەوی رابردوو لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا ریال مەدرید بووە میوانی لێگانێس. مەدریدییەکان 3-2 یارییەکەیان بردەوە و بۆ قۆناخی پێشکۆتایی جامەکە سەرکەوتن.
بەرامبەر لێگانێس بۆ یەکەمجار ئانچێلۆتی بەشێوەی سەرەکی دەرفەتی بە خاکۆبۆ رامۆن بەخشی و بەرگریکارە لاوەکە 90 خولەکی تەواو یاریی کرد.
پاش یارییەکە کارلۆ ئانچێلۆتی باسی ئاستی ڤان دایکە لاوەکەی تیپەکەی کرد و رایگەیاند لە یارییەکانی داهاتوو چاوەڕوانی ئاستێکی بەرزتری لێ دەکەم.
خاکۆبۆ رامۆن لە دەستپێکی یارییەکە شپرزە بوو، هەستی بە شڵەژان دەکرد. بەڵام دواتر جڵەوی خۆی کرد و تاوەکو کۆتایی ئاستێکی باشی پێشکەشکرد.
خاکۆبۆ یاریزانێکی زۆر باشە، تاوەکو کۆتایی وەرز لەگەڵ تیپی یەکەم دەمێنێتەوە و لە یارییەکانی داهاتوو ئاستێکی باشتر لەوەی ئەمشەو پێشکەش دەکات.
ئانچێلۆتی بۆیەکەمجار لەم وەرزە و لە چامپیۆنزلیگ دەرفەتی یاریکردنی بە خاکۆبۆ رامۆندا و بەرامبەر سالزبورگ 12 خولەک یاریکرد. هاوکات بووە شەشەم یاریزانی ئەکادیمیای یانەکە لەم وەرزە یاریی بۆ تیپی یەکەم بکات.