تایبەت بە یاریگا؛ رێبین سولاقا بووە یاریزانی هەولێر
لە چەند کاتژمێری داهاتوو بەفەرمی گرێبەستەکەی رادەگەیەنرێت
یاریگا –
رێبین سولاقا بووە یاریزانی هەولێر و لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە گەیشتە رێککەوتنی کۆتایی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، رێبین سولاقا بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق لەگەڵ یانەی هەولێر گەیشتە رێککەوتنی کۆتایی و بووە یاریزانی یانەکەی قەڵاومنارە، لە چەند کاتژمێری داهاتوو هەولێر گرێبەستەکە بەفەرمی رادەگەیەنێت.
سولاقا (32 ساڵان) کە بە رەسەن خەڵکی هەولێرە و لە شارۆچکەی عەنکاوە لەدایکبووە، بێ یانە بوو و لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت نرخەکەی 100 هەزار دۆلارە، خاوەنی 47 یارییە بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق و گۆڵێکیشی کردووە.
سولاقا سەرەتای ساڵی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی سیئۆلی کۆریای باشوور کرد و هاوینی رابردوو روویکردە ریزەکانی یانەی شافهاوزنی سویسڕی، لە جام و خولی پلەدووی سویسڕا 10 یاریی بە درێسی ئەو یانە سویسڕییە کرد و سەرەتای ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانە سویسڕییە کۆتایی هات و بێ یانە بوو.
سولاقا پێشتر درێسی یانەکانی دالکوردی سویدی، لێڤسکی سۆفیای بولگاری، برۆماپۆیکارنای سویدی، شەحانیە و خۆر و مەرخیەی قەتەری پۆشیوە، لەوەتەی ساڵی 2015 یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەکات.